Accessibility links

ئەحمەد داوود ئۆغڵو بە نیازە دەستبەرداری سەرۆکایەتی ئاکەپە و حکومەتی تورکیا ببێت


ئەحمەد داوود ئۆغڵو سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت بەنیاز نیـیە لە کۆنگرەی داهاتووی پارتی ئاکەپە، خۆی بۆ سەرۆکایەتی پارتەکەی کاندیدبکاتەوە.

داوود ئۆغڵو ئەمڕۆ پـێـنجشەممە لە بارەگای پارتەکەی لە ئەنکەرە ئەمەی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند و گوتی لە کۆمیتەی ناوەندی حزب بڕیاریان داوە کۆنگرەیەکی گشتی تایبەت لە 22 ی ئەم مانگە سـازبکەن و تیایدا سەرۆکێـکی نوێ بۆ حزبەکەیان هەڵبژێرن.

بەپـێی پەیڕەوی و پـرۆگرام ناوخۆی پارتی ئاکەپە دەبێت سەرۆکی حزب سەرۆکایەتی حکومەتی وڵاتەکەش بگرێتەدەست. بەمەش داوود ئۆغڵو لە پـۆستی سەرۆک وەزیری وڵات نامێنێتەوە.

ئەحمەد داوود ئۆغڵو لە درێژەی لێدوانەکانی بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی لە ماوەی حوکمڕانیـیەکەی گەلێـک سەرکەوتنی تۆمارکردووە و ئەم بڕیارەی لە ئەنجامی هەستکردن بە شکستهێنان نیـیە و لە هیچ هەنگاوێـکیشی پەشیمان نیـیە کە لەو ماوەیە ناویەتی. گوتیشی بە باشترین شێوە بە ئەرکی خۆی هەستاوە.

پاشان ئەحمەد داوود ئۆغڵو گوتی وەکو ئەندام پەرلەمانێـک درێژە بە کاری سیاسی خۆی دەدات پاش ئەوەی سەرۆکایەتی حکومەت ڕادەسـتی کەسی دوای خۆی دەکات. جەختیشی لەسەر دۆستایەتی نێوان خۆی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کردەوە و گوتی بە یەک وشە چیـیە لە دژی سەرۆک کۆمار قسە ناکات و ڕێگە بە هیچ کەسیش نادات ئەم مەسەلەیە بقۆزێتەوە.

بەڵام میدیاکانی ناو تورکیا ئاماژە بۆ بوونی ناکۆکی زۆر لە نێوان ئەم دوو ڕێبەرەی ئاکەپە دەکەن و دەڵێن لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مەسەلە ناوخۆیی و دەرەکیـیەکان کێشەیان هەیە و هەروەها تێڕوانینی جودایان هەیە بە تایبەتی لەسەر دەسـتگیرکردنی ڕۆژنامەوانان و کەسانی ئۆپـۆزسیۆن. دەڵێن ئۆغڵو لەگەڵ دەسـتگیرکردنی ئەو کەسانەدا نیـیە.

هەروەها چاودێران دەڵێن داوود ئۆغڵو لەوەش توڕە بووە کە کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتەکەی هەفتەی ڕابردوو بڕیاری دا دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیر هەڵبوەشێنێتەوە بۆ دەسـتنیشانکردنی کاربەدەسـتانی حزبی لە پارێزگاکانی وڵاتەکەدا.

شەوی چوارشەممەش بۆ ماوەی 90 خولەک ئەحمەد داوود ئۆغڵو و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنکەرە کۆبوونەوە، بەڵام پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە هیچ ڕاگەیاندنێـکی فەرمی دەرنەچوو.

XS
SM
MD
LG