Accessibility links

ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا سەرزەنشتی تاڵانکاریـیەکانی ناو عەفرین دەکەن


ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا و کەسایەتی کوردی سەرزەنشتی ئەو تاڵانکاریـیانەیان کرد کە لە شاری عەفرین دەکرێن لە پاش ئەوەی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنکەرە دەستیانگرت بەسەر ئەو شارەدا.

محەمەد عەلوش کە ڕێبەرێکی جەیشی ئیسلامی ئۆپـۆزسیۆنە لە غوتەی ڕۆژهەڵات، پشتڕاستی کردەوە تاڵانکاری لە عەفرین کراوە و لە سەر تویتەرەکەی نووسیویەتی " ئەو تاڵانی و دزیـیەی لە خەڵکی و شوێنە گشتیـیەکان لە عەفرین کراون تاوانن وە هەرەسهێنانی ئەخلاقیـیە بۆ ئەنجامدەرانی."

خالید خۆجە سەرۆکی پـێشووی هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەویش دانی‌ناوە بەوەی تاڵانی لە عەفرین کراوە و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی لە نێو لەشکری ئازاددا جێگای چەتە نابێتەوە.

عەبدولباست سەیدا کەسایەتی کوردی نێو هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆن کە لە ئێستادا وازی هێناوە، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە شکاندنی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر لە عەفرین لەم کاتەی نەورۆز بەڕێوەیە و هەروەها تاڵانکردنی فرۆشگا و ماڵەکان کارێکی قێزەوەنن کە نابنە مایەی دامەزراندنی پـرۆژەیەکی نیشتمانی لە سوریا.

جێی ئاماژەیە دوو پەیامنێری فڕانس پـرێس و کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێن پاش ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا چوونە ناو شاری عەفرین تاڵانکاری لە شارەکە دەسـتیپـێکردووە و ئامێرە ئەلیکترۆنیـیەکان و کەلوپەلی ناو ماڵ و فرۆشگەکان و ئازوقە و ئۆتۆمبیل و ماشێنی کشتوکاڵی و ماتۆرسکیلی خەڵکی شارەکە بە تاڵانی براون.

XS
SM
MD
LG