Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: هێزەکانی تورکیا دەستدەگرن بەسەر شارۆچکەی جەندەریسی عەفرین


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سەر بە ئەنکەرە دەستیانگرتووە بەسەر شارۆچکەی جەندەریسی عەفرین.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ هەینی لەسەر ماڵپەڕەکەی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت هێزەکانی تورکیا لە پاش تۆپـباران و بۆردۆمانێکی چڕی شارۆچکەی جەندەریس و وێرانکردنی، توانیویانە دەستی بەسەردابگرن.

بەمەش هێزەکانی تورکیا کۆنترۆڵی 5 شارۆچکە و زیاتر لە 112 گوندی عەفرین دەکەن، لەوەتای لە 20 ی مانگی یەکەوە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکەیان دەستپـێکردووە.

لە ئێستادا هێزەکانی تورکیا نزیکەی 4 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵات و 10 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژئاوا لە شاری عەفرینەوە دورن.

کۆمەڵەکە دەشڵێت شەوی پـێنجشەممە هێزی زیاتر لە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو عەفرین هاتوون.

بەپـێی ئەو ئامارانەی بە کۆمەڵەکە گەیشتووە، هەتا ئێستا 391 کەس لە هێزەکانی تورکیا و ئۆپـۆزسیۆنی سەر بە ئەنکەرە کوژراون، لەوانە 68 کەسیان سەربازی لەشکری تورکیان. لە هێزە کوردیـیەکانیش 346 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG