Accessibility links

فەرماندەی گشتی یەپەگە: قەبارەی هێزەکانی تورکیا لە نزیک عەفرین لە ئاستی ڕاگەیاندنی شەڕدایە

  • VOA News

فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت ئەو هێزە لەشکریـیەی تورکیا لە نزیک عەفرین کۆی کردووەتەوە لە ئاستی ڕاگەیاندنی شەڕەدایە.

سیپان حەممۆ ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت قەبارەی ئەو هێزەی لە ڕۆژهەڵاتی عەفرین کۆکراونەتەوە گەیشتۆتە ئاستی ڕاگەیاندنی شەڕ و ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوو شەڕ و پـێکدادانی ڕاستەقینە ڕووبدەن.

جەختی لەوەش کرد هێزەکانیان لە بەرامبەر هەر هێرشێـکی تورکیا دەستە وەستان نابن.

هەروەها سیپان حەممۆ بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی گوتووە ستراتیژیەتی تورکیا لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی ڕۆژئاوایە و هەوڵ دەدات بە گشتی شەڕی کورد و سوریا بکات، وە ئەوەی ئێستا لە بەرامبەر ناوچە گوندیـیەکانی عەفرین دەکرێت و هەروەها باس لە ئۆپەراسیۆنێـک بە ناوی (سەیف ئەلفورات) دەکرێت پـیلانێـکە ڕووسیا و ڕژێمی سوریا چاوپـۆشی لێدەکەن.

سەبارەت بە کاریگەری ئەگەری هێرکردنە سەر عەفرین بەسەر شەڕی ڕزگارکردنی شاری ڕەققە، گوتی بێ گومان کاریگەری دەبێت. 500 شەڕڤانی جەیشی ثوار کە لە عەفرینەوە بۆ شەڕی ڕەققە هاتبوون گەڕاونەتەوە تاوەکو بەرگری لە عەفرین بکەن و هەروەها نیوەی شەڕڤانانی یەپەگە خەڵکی عەفرینن و ئەوانیش دەگەڕێنەوە تاوەکو بەرگری لە خاک و خەڵکەکەیان بکەن.

جێی ئاماژەیە ماوەیەکە لەشکری تورکیا و هێزەکانی یەپەگە لە کانتۆنی عەفرین کەوتوونەتە تۆپبارانی یەکتر و مەترسی هەڵگیرساندنی شەڕ لەو ناوچەیە هەیە.

XS
SM
MD
LG