Accessibility links

ڕاپـۆرتێک: تورکیا ڕێگە لە گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین دەگرێت و ئاوارەی غوتە لە ماڵەکانیان نیشتەجێ دەکات


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگە دەگرن لەوە خەڵکی عەفرین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام لە هەمان کاتدا زیاتر لە 150 خێزانی ئاوارەی غوتەی ڕۆژهەڵاتی لە ماڵەکانی عەفرین نیشتەجێ کردووە.

کۆمەڵەکە کە پەیوەندی بە تۆڕێکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، لە ڕاپـۆرتێکیدا لەسەر ماڵپەڕەکەی ئەمەی ڕاگەیاند، دەڵێت هێزەکانی تورکیا و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە ئەنکەرە لە دەروازەی کیمار ڕێگەیان لە سەدان خێزانی عەفرین گرتووە بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان. دەشڵێت هاوکات لە چەند سەرچاوەیەکی بڕواپـێکراو زانیاریان پـێگەیشتووە دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 150 خێزانی ئاوارەی غوتەی ڕۆژهەڵاتیان بەرەو عەفرین بردووە و لە نێو ماڵی خەڵکە ئاوارەکەی عەفرین نیشتەجێـیان کردوون.

بەپـێی سەرچاوەکان ئەو خێزانانەی لە غوتەوە بەرەو عەفرین براون سەر بە گروپی ئیسلامی فەیلەق ئەلڕەحمانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریان کە لە مانگی سێدا لە ناوچەکەیان دەرکران و گەیشتنە باکوری سوریا.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات زۆرێک لە خەڵکی ئاوارەی غوتەی ڕۆژهەڵات ڕەتیانکردووەتەوە گوێڕایەڵی دەسەڵاتدارانی تورکیا ببن و بچنە ناو ماڵەکانی عەفرینەوە، بەو پـێـیەی بە پـرۆسەیەکی ڕێکخراو بۆ گۆڕینی دیموگرافی دایدەنێن. گوتویانە خۆیان قوربانی هەوڵی گۆڕینی دیموگرافین کە ڕژێمی ئەسەد و ڕووسیا ئێستا لە ناوچەکانیان کاری بۆ دەکەن لە پاش ئەوەی ئاوارەیان کردن.

پاشان کۆمەڵەکە باس لە ڕەوشی خراپی ئاوارەکانی خەڵکی عەفرین دەکات و دەڵێت ژمارەیان بە سەدان هەزار کەسە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەوشیان بەرەو خراپـتر دەچێت و جیهان لە ئاستیاندا چاوی داخستووە و ڕێکخراوە فریاگوزاریـیەکانیش پشتیان لێکردوون و ئێستا لە دەشتێکدا شەو ڕۆژ بەسەردەبن کە لێوەی بە چاوی خۆیان گوندەکانیان دەبینن و ڕێگەیان پـێنادەن بگەڕێنەوە.

ڕاپـۆرتەکە ئاماژە بۆ سەدان خێزانی ئاوارەی خەڵکی عەفرین دەکات کە زیاتر لە 5 ڕۆژە لە نزیک دەروازەی کیمار کۆبوونەتەوە تاوەکو ڕێگەیان پـێبدرێت بچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. هاوکات هێزەکانی ڕژیمی ئەسەدیش ڕێگەیان پـێنادەن ڕوو لە شاری حەلەب بکەن، وە ئەگەر ڕێگە بدەن ئەوا لە بەرامبەر ورگرتنی سەرانەیەکی زۆر دەبێت کە جاری وا هەبووە گەیشتووەتە زیاتر لە یەک هەزار دۆلار بۆ کەسێک.

لە بارەی ناو عەفرینیشەوە کۆمەڵەکە دەڵێت بارودۆخی خەڵکی ناو عەفرینیش لەوەی دەرەوەی باشتر نیـیە و گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سەر بە ئەنکەرە دەستیانگرتووە بەسەر ماڵ و حاڵی ئەو خەڵکە ئاوارەیە و تەنانەت ئەگەر خاوەنەکانیشیان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان ڕادەست ناکەنەوە. هەروەها خەڵکی بێتاوانیش بە بیانوی جیاجیا دەسـتگیردەکرێن و پاشان بە پارە ئازاددەکرێن.

کۆمەڵەکە دەڵێت لە ئێستادا خەڵکی عەفرین کەوتوونەتە نێوان بەرداشی مەینەتیەکانی ئاوارەیی لە لایەک و جەور و ستەمی هێزەکانی تورکیا و گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە شارەکەیان لە لایەکی دیکە، وە هاوکات کۆمەڵی نێودەوڵەتیشی بێ دەنگە.

XS
SM
MD
LG