Accessibility links

خاچی سووری نێودەوڵەتی یارمەتی مرۆیی ڕەوانەی عەفرین دەکات


کاروانێکی یارمەتی مرۆیی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ پـێنجشەممە گەیشتە عەفرین، ئەمەش یەکەم یارمەتی نێودەوڵەتیـیە ڕەوانەی ئەو ناوچەیە بکرێت لەوەتای لە مانگی یەکەوە لەشکرکێشی تورکیا دەستیپـێکردووە.

ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی بە هاوکاری مانگی سووری سوریا 29 ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری پـڕ لە کۆمەکی مرۆیی ڕەوانەی عەفرین کران کە 430 تۆن دەکات و بەشی 50 هەزار کەس دەکات. یارمەتیـیەکان بریتین لە خۆراک و بەتانی و جێگای نووستن و جلی زستانە.

خاچی سووری نێودەوڵەتی دەڵێت ئەمە یەکەم جارە لەوەتای 3 ی مانگی دوازدەی ساڵی 2017 وە یارمەتی مرۆیی ڕەوانەی عەفرین بکات. دەڵێت پـێشتر یارمەتیـیان بۆ ئەو ئاوارانە ڕەوانە دەکرد کە لە تاو شەڕی ناوخۆی سوریا ڕوویان لە عەفرین کردبوو. ڕێکخراوەکە دەڵێت ئێستاش بەهۆی ئەم شەڕەوە 30% ی خەڵکی عەفرینیش ئاوارەبوون و زۆربەیان لە دۆخێکی خراپدان.

هەروەها ڕێکخراوەکە نیگەرانی خۆی سەبارەت بە باری تەندروستی لە عەفرین دەربڕی و دەڵێت تەنیا 4 نەخۆشخانە لەو ناوچەیە هەن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات نەخۆشخانەکانیش زیانیان پـێگەیشتووە و ژمارەیەک لە کارمەندانی تەندروستیش برینداربوون.

XS
SM
MD
LG