Accessibility links

یەکێتی ئەفریقا داوا لە پوتن دەکات کۆتایی بە جەنگ بهێنێت


سەرۆکی سەنیگال ماکی ساڵ
سەرۆکی سەنیگال ماکی ساڵ

سەرۆکی سەنیگال و سەرۆکی یەکێتی ئەفریقا ماکی ساڵ داوای لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کرد هەوڵی ئاگربەستێکی هەمیشەیی بدات لە ئۆکرانیا. گفتوگۆکەی ساڵ لەگەڵ پوتندا تەنها هەفتەیەک دوای ئەوە دێت سەنیگال خۆی بەدوورگرت لە دەنگدانێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

جێی ئاماژەیە وڵاتانی ئەفریقا بەرژەوەندییان هەیە لە کۆتای هاتنی جەنگی ئۆکرانیا بەڵام ناشیانەوێت پوتن بێزار بکەن.

داواکەی ساڵ وەکو سەرۆکی یەکێتی ئەفریقا پێچەوانەی هەڵوێستەکەی هەفتەی ڕابردووی بوو وەکو سەرۆکی سەنیگال، لەکاتێکدا سەنیگال چووە پاڵ ئەو 16 ئەندامەی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە خۆیان بەدوورگرت لە دەنگدان بۆ سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکی ڕووسیا.

سەنیگال بە چرای دیموکراسی دادەنرێت لە ڕۆژئاوای ئەفریقادا، لەبەر ئەوە خۆبەدوورگرتنی لە دەنگدانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆرێکی توشی سەرسوڕمان کرد.

ڕووسیا کۆمەڵێک گرێبەستی کاری گەورەی لە سەرانسەری کیشوەری ئەفریقادا هەیە، بۆ نموونە، سەنیگال ساڵی ڕابردوو گرێبەستێکی 300 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای لوکئۆیڵی ڕووسیادا واژۆ کردووە. کۆمپانیاکە لە هەریەک لە کامیرۆن و میسڕ و گانا و نایجیریادا کاری هەیە. کۆمپانیا کانەکانی دیکەی ڕووسیاش لە سەرانسەری ئەفریقادا چالاکن، لە ئەنگۆلا ئەڵماس دەردەهێنن و لە گینیا ئەلەمنیۆم و لە نامبیاش یۆرانیۆم.

لە ساڵی 2015 ەوە ڕووسیا بووەتە یەکەمین وڵات لە دابینکردنی چەک بۆ وڵاتانی ئەفریقا. گرێبەستی سەربازیی لەگەڵ زیاتر لە 20 وڵاتی ئەفریقیدا هەیە.

هاوکات کۆمپانیا سەربازییە تایبەتیەکانی ڕووسیاش پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ کرێملندا هەیە، ئەو کۆمپانیایانەش پێگەیەکی پتەوییان لە وڵاتانی ئەفریقا بۆ خۆیان دروستکردووە، لەو وڵاتانەش مالی و کۆماری ناوەڕاستی ئەفریقا.

لەبەرئەوە لەکاتێکدا کە لەوانەیە لە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەفریقا بێت تاوەکو خۆیان بەدووربگرن لە دروستکردنی گرژی لەگەڵ مۆسکۆدا، ڕابەرانی کیشوەرەکە خەریکە هەست بە کاریگەرییە خراپەکانی جەنگ دەکەن.

بەڕێوبەری بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆیەکی داکار ئەبدو ڕەحمان تیام وتی " ڕووسیا وڵاتێکە کە بەرهەمێکی زۆر هەناردە دەکات، لە گازەوە بۆ ماددە خاوەکانی وەک گەنم. ئەوە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی کاریگەرییەکی ئابووری بەتایبەتی لەڕووی بازرگانییەوە."

وتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تەنها لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە بڕیارییان لەسەر نادرێت، یەکێتی ئەفریقا هێشتا دامەزراوەیەکی ناوچەییە کە دەتوانێت دەنگێکی کاریگەری هەبێت.

وتیشی " ڕووسیا پێویستی بە ئەفریقایە، ئەوە لە بەرژەوەندی مۆسکۆیە گوێ لە یەکێتی ئەفریقا بگرێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG