Accessibility links

یەکێتی ئەفریکا بڕیاری هەڵپەساردنی ئەندامێتی سودان دەدات


پاش ئەو کودەتا لەشکریـیەی لە سودان ئەنجام درا، یەکێتی ئەفریکا بڕیاری هەڵپەساردنی ئەندامێتی ئەم وڵاتەی دا، وە هاوکات بانکی نێودەوڵەتیش بڕیاری دا یارمەتیـیەکانی بۆ سودان ڕابگرێت.

یەکێتی ئەفریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا بە توندی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لە سودان لە لایەن لەشکرەوە سەرزەنشتکرد و بە هەنگاوێکی قبوڵنەکراوی ناودێری‌کرد. بۆیە بڕیاری دا ئەندامێتی سودان لە یەکێتیـیەکەیان هەڵپەسێرێت هەتا دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ دەستی سەرکردایەتی سیڤیل.

یەکێتیـیەکە گوتیشی ئەوەی لەشکری سودان کردوویەتی سووکایەتیکردنە بە دیموکراسی و بەها هاوبەشکانی یەکێتی ئەفریکا. بەڵام خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر ئازادکردنی عەبدوڵڵا حەمدوکی سەرۆک وەزیر و هاوسەرەکەی کە لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستگیرکرابوون و شەوی سێشەممە ئازادکران. داواشی کرد هەموو دەستگیرکراوەکانی دیکە بە وەزیر و کاربەدەستانی دیکەی سیڤیل ئازادبکرێن.

حەمدوک هەر لە پاش ئازادکردنی پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵدا کرا لەلایەن ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر تویتەرەکەی لەم بارەیەوە نووسیویەتی" خۆشحاڵم لەگەڵ سەرۆک وەزیری سودان حەمدوک قسەم کرد سەبارەت بە خەباتی گەلی سودان لە پـێناو دیموکراسی و پـێویسی گەڕانەوەی بۆ سەرکردایەتی سیڤیل."

لە لایەکی دیکە هەر ئەمڕۆ دەیڤد مالپاس، سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی گوتی گروپی بانکی نێودەوڵەتی لەم کاتەی چاودێری دۆخەکەی سودان دەکات، هەموو پارەیەکی بۆ کارەکانی لەو وڵاتە ڕاگرتووە وە هیچ کارێکی نوێ لەوێ ناکات.

جێی ئاماژەیە بانکی نێودەوڵەتی بە تایبەتی بەشداری لە میکانیزمێک دەکرد بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی سەر سودان.

سەرچاوە / فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG