Accessibility links

پەیامنێرێکی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکوژرێت


ئەرمان سۆڵدین
ئەرمان سۆڵدین

پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرێس کە شایەتحاڵی ڕووداوەکە بوون دەڵێن ڕێکخەری دەزگای هەواڵی فرانس پرێس بۆ ڤیدیۆکانی ئۆکرانیا ئارمان سۆڵدین بەهۆی هێرشێکی موشەکییەوە لە نزیک شارۆچکەی چاسیڤ یاری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژراوە.

هێرشەکە کاتژمێر نزیکەی 4:30 دوانیوەڕۆ لە قەراغی شارۆچکەکەدا ڕوویداوە کە نزیکە لە باخموتەوە.

تیمەکەی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس لە کاتێکدا کە لەگەڵ کۆمەڵە سەربازێکی ئۆکرانیدا بوون کەوتوونەتە ژێر هێرشی موشەکە گرادەکانەوە.

موشەکێک لە نزیک سۆڵدینی تەمەن 32 ساڵ کەوتۆتە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لە دەستداوە، ئەوانی دیکەی تیمەکە بریندار بوون.

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری فرانس پرێس وتی " سەرجەم دەزگاکە بە هەواڵی لە دەستدانی ئارمان دڵگران بوون."

وتی " مەرگی ' ئارمان ' وەبیرهێنانەوەیەکی خراپە لەسەر ئەو مەترسییانەی کە ڕۆژانە پەیامنێران لە ماوەی ڕووماڵکردنی جەنگەکەی ئۆکرانیادا ڕووبەڕووی دەبنەوە."

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە تویتەر ستایشی " ئازایەتی " سۆڵدینی کرد و ڕێزی خۆی بۆ سۆڵدین پیشاندا.

ماکرۆن وتی " بە ئازایەتییەوە، لە یەکەمین کاتژمێرەکانی جەنگەکەوە ئەو لە بەرەکانی پێشەوەدا بووە تاوەکو ڕاستییەکان کۆبکاتەوە و ئاگادارمان بکاتەوە. هاوبەشی خەمی خزمان و هاوکارەکانیم."

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا " پرسە و سەرەخۆشی خۆی " ئاڕاستەی خێزانەکەی سۆڵدین و هاوکارەکانی کرد، وتی سۆڵدین لە هێرشێکی موشەکی ڕووسیادا بۆ سەر شارۆچکەی چاسیڤ یار لە هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا کوژراوە.

وتیشی " ئەو ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ ئاگادارکردنەوەی جیهان لە ڕاستییەکە. سپاردە و پرسەکەی بە زیندوویی دەمێننەوە."

هەروەها لە پەرلەمانی فەڕەنسادا پەرلەمانتارانی سەرانسەری پارتە سیاسییەکان هەستانە سەرپێ و ستایشی پەیامنێرەکەیان کرد.

دوابەدوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سۆڵدین بەشێک بووە لە تیمەکەی فرانس پرێس بۆ ئۆکرانیا، یەک ڕۆژ دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکە سۆڵدین گەیشتۆتە ئۆکرانیا.

لە مانگی نۆوە سۆڵدین لە ئۆکرانیا ژیاوە، ڕابەرایەتی ڕووماڵی تیمەکەی کردووە و بەردەوام گەشتی کردووە بۆ هێڵەکانی پێشەوەی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا.

بەپێی دەزگای ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور و کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان سی پی جەی، بە مەرگی سۆڵدینەوە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 11 ڕۆژنامەنووس یاخود شۆفێر و ڕێکخەرەکانی تیمەکانی ڕاگەیاندن لە ماوەی ڕووماڵکردنی جەنگەکەی ئۆکرانیادا کوژراون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG