Accessibility links

تاڵیبان 16 پۆلیسی ئەفغانی دەکوژێت


بەرپرسانی ئەفغانی ئەمڕۆ وتیان تاڵیبان بەلایەنی کەمەوە 16 پۆلیسی ئەفغانی و دوو هاوڵاتی مەدەنی کوشتووە لە هەرێمی بادغیس لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دوای کۆتایی هاتنی ئەو ئاگربەستەی کە ڕایگەیاندبووە بۆ ماوەی سێ ڕۆژی جەژن.

تاڵیبان دەستی کردەوە بە هێرشەکانی دوای ئەوەی داواکەی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف عەبدولغەنیان ڕەت کردەوە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممەتاڵیبان نزیکەی 30 چەکداری هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستانی کوشت و دەستی گرت بەسەر بنکەیەکی سەربازییدا لە بادغیس.

بەرپرسێکی باڵای ئاسایش لە کابوڵ وتی تاڵیبان شەڕ دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەشت خاڵی پشکنین لە بادغیس، ڕۆژی پێنجشەممە تاڵیبان دەستی گرت بەسەر دوو خاڵی پشکنیندا و کەمینێکی داناوە بۆ ئەو هێزە پشتیوانیانەی کە دێن.

فەرمانڕەوای هەرێمی ئابکەمەری وتی 16 پۆلیس کوژراون.

هەروەها لە ناوچەی سبین بۆلداک لە هەرێمی قەندەهاری باشووری وڵاتەکە لەسەر سنووری پاکستان، بەرپرسێکی حکومی ئەفغانی وتی تاڵیبان هێرشی کردۆتە سەر ناوچەیەکی سەر بە کۆمپانیایەک.

بەرپرسەکە وتی چەکدارەکان 13 ئەندازیاریان ڕفاندووە و 20 پاسەوانیان کوشتووە و چوار کەسیان لە هێزەکانی ئاسایش کوشتووە کاتێک هەوڵیان داوە دیلەکان ڕزگار بکەن، هەموویان ئەفغانین. تاڵیبان هیچ بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هێرشەکە بڵاونەکردۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG