Accessibility links

زیادبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە ئەفغانستان هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئاشتیدا


شەڕ و پێکدادانەکان لە ئەفغانستان پێش هاتنی وەرزی بەهار زیادیکردووە لەکاتێکدا لایەنەکانی جەنگی ئەفغانستان هەوڵی ئاشتی دەدەن لە دانوستانەکاندا، هەندێک لە شیکەرەوانی سیاسیی دەڵێن ئەو هەوڵانە لەوانەیە ببێتە هۆی خراپتربوونی ڕەوشەکە.

بەپێی ڕاپۆرتە نافەڕمییەکان لە مانگی سێدا سەدان سەربازی هێزەکانی ئەفغانستان لە شەڕ و پێکدادانەکانی باشوور و ڕۆژئاوا و باکووری ئەفغانستاندا کوژراون. هەروەها دوو سەربازیی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکاش لەنزیک کوندوز کوژراون و بەهۆی هێرشەکانی هەردوولاوە هاوڵاتیانی مەدەنیش کوژراون. هەروەها بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکاوە بە هەڵە سەربازانی ئەفغانی کوژراون.

بەرپرسێکی ئەمنی باڵای ئەفغانستان وتی " ئەمساڵ هێزەکانی ئەفغانستان لە حاڵەتی هێرشکردندان. پێشبینی شەڕ و پێکدادانێکی زۆر دەکەین."

ڕاوێژکاری کۆمەڵەی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان گریم سمیث وتی ئێستا بە تێپەڕبوونی ساڵەکان ئارەزووی شەڕکردن لە هەندێک وەرزدا ڕوون و ئاشکرایە، زۆربەی چەکدارەکانی تاڵیبان ئێستا لە نزیک ماڵەکانیانەوە شەڕ دەکەن و چاوەڕێ ناکەن تاوەکو بەفری سەر شاخەکان بتوێنەوە و دواتر بڕۆنە گۆڕەپانی شەڕەەوە.

بەڵام سەرچاوەیەکی ئاسایش وتی ڕەوشەکە ئەمساڵ جیاوازە و ئێستا هێزەکانی ئەفغانستان هێرش دەکەن.

وتیشی " ئامانجی ئەرکەکانی ئەمساڵ باشکردنی کۆکردنەوەی زانیارییەکان و هێرشە دیاریکراوەکانی سەر دوژمن دەبێت."

ئەم شەڕ و پێکدادانانەش هاوکاتە لەگەڵ دانوستانەکانی ئاشتی ئەفغانستاندا. سیاسەتمەدارێکی ئەفغانی وتی زیادبوونی شەڕ و پێکدادانەکان هاوشێوەی باشووری سودان و کۆڵۆمبیا دەبێت پێش دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ململانێکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG