Accessibility links

لە هێرشێکی تاڵیبان لە ئەفغانستان 20 سەرباز کوژراون


Farah province, Afghanistan

کاربەدەستاتی ئەفغانستان دەڵێن چەکدارانی تاڵیبان هێرشیانکردووەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی سنوور لە پارێزگای فەراهی ڕۆژئاوای وڵاتەکە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 20 سەرباز کوژراون.

عەبدولسەمەد ساڵحی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکە دەڵێت لە کاتی هێرشەکە زیاتر لە 45 سەرباز لە هێزەکانی سنوور لەو بنەکەیەدا بوون کە دەکەوێتە ناوچەی بوشت کۆوە. ئاماژەی بەوە کرد تەنیا 3 سەربازیان توانیویانە بگەنە گوندەکانی دەوروبەری بنکەکە و ئەوانی دیکە کوژراون یان لە لایەن تاڵیبانەوە دەسـتگیرکراون.

لە لایەکی دیکە کاربەدەستێکی گەورەی لەشکری گوتویەتی بە لایەنی کەم 20 سەرباز کوژراون و 20 ی دیکە بێ‌سەروشوێنن کە پـێدەچێت لە لایەن تاڵیبانەوە دەسـتگیرکرابن. گوتیشی شەڕەکە لە کاتێکی درەنگی شەوی دووشەممە بووە و بۆ زیاتر لە 2 کاژمێر درێژەی کێشاوە و دواتر یاخیبووان دەسـتیان بەسەر بنکەکەدا گرتووە و پەیوەندی بە سەربازەکانەوە بڕاوە.

زەبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی تاڵیبان بەرپـرسیارێتی گروپەکەی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG