Accessibility links

ناتۆ دەڵێت جەنەڕاڵێکی ئەمەریکایی لە هێرشەکەی ڕۆژی پـێنجشەممەی قەندەهار برینداربووە


هێزی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند جەنەڕاڵێکی ئەمەریکایی ڕۆژی پـێنجشەممە لە تەقەکردنێکدا لە هەرێمی قەندەهاری باشوری وڵاتەکە برینداربووە.

تاڵیبان بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 3 کەس، ئەوانیش سەرۆکی پـۆلیسی قەندەهار جەنەڕاڵ عەبدولڕەزاق ئاشکزای و بەرپـرسی هەواڵگری ئەفغانی لە ناوچەکە و ڕۆژنامەوانێک. هەروەها 13 کەسی دیکە برینداربوون، لەوانە جەنەڕاڵی ئەمەریکایی جێفری سمایڵی سەرپەرشتیاری ئەرکەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان.

هێرشەکە لە لایەن کەسێکەوە ئەنجامدرابوو کە جلوبەرگی سەربازانی لەشکری ئەفغانی پۆشیبوو. کەسەکە چووەتە سەر شوێنی کۆبوونەوەیەکی کاربەدەستانی ئاسایشی ئەفغانی و فەرماندەکانی ناتۆ کە لە شاری قەندەهار بەڕێوەدەچوو. جەنەڕاڵ سکەت میلەر فەرماندەی ئەمەریکایی هێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان یەک لە بەشدارەکان بوو، بەڵام هیچ زیانی پـێنەکەوت.

تاڵیبان دەڵێت ئامانجی هێرشەکەی جەنەڕاڵ عەبدولڕەزاق و جەنەڕاڵ میلەر بووە.

هێزەکەی ناتۆ لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەشڵێت برینەکانی جەنەڕاڵ سمایڵی مەترسیدار نین و ئێستا بۆ ئەڵمانیا براوە تاوەکو لەوێ چارەسەری تەواوی بۆ بکرێت.

ئەم هێرشەی تاڵیبان پاش هەفتەیەک دێت لەوەی زاڵمای خەلیلزاد نێردراوی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان لە قەتەر لەگەڵ شاندێکی تاڵیبان کۆبووەوە بە مەبەستی قایلکردنیان بە ئاشتی و چوونە ناو پـرۆسەی سیاسی ئەفغانستانەوە.

شیکەرەوان دەڵێن ڕەنگە ئەم هێرشە ببێتە هۆی تێکدانی هەوڵەکانی دەدرێن بۆ کۆتایی هێنان بە یاخیبوونی تاڵیبان.

XS
SM
MD
LG