Accessibility links

کاربەدەستانی ئەفغانی: تاڵیبان بە دەیان کەسی لە باکوری وڵاتەکە ڕفاندووە


کاربەدەستانی ئەفغانستان دەڵێن چەکدارانی تاڵیبان لە هەرێمی کوندوزی باکوری وڵاتەکە دەیان کەسیان ڕفاندووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەفغانی ڕۆژێک پـێشتر ئاگربەستی ڕاگەیاند.

عیسمەتوڵڵا مورادی گوتەبێژی فەرمانڕەوای کوندوز گوتی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 3 پاس کە لە هەرێمی تەخارەوە بەنیازبوون بەرەو کابولی پایتەخت بڕۆن، چەکدارانی تاڵیبان ڕایانگرتوون و سەرنشینەکانیان داگرتووە و بردوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت زبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی تاڵیبان لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیدا گوتویەتی بڕیاری دەسـتگیرکردنی سەرنشینانی ئەو پاسانەیان داوە پاش ئەوەی زانیاریان پـێگەیشتووە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشیان تێدایە. گوتوشیەتی لە ئێستادا بە ناسنامەی سەرنشینەکان دەچنەوە و ئەوەی سیڤیل بێت ئازادی دەکەن.

ئەم ڕفاندنە پاش ڕۆژێک دێت لەوەی ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان بەبۆنەی جەژنی قوربان ئاگربەستێکی سێ مانگی لەگەڵ تاڵیبان ڕاگەیاند.

بەپـێی ڕۆیتەرز پـێشتر چەند سەرچاوەیەک لە ناو تاڵیبان گوتویانە ئەوان قایلن بە ئاگربەستێکی چوار ڕۆژی لە ماوەی جەژندا، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای هەیبەتوڵڵا ئاخونزادە ڕێبەری بزوتنەوەکەیانە.

XS
SM
MD
LG