کاربەدەستانی ئەفغانستان دەڵێن دوو خۆکوژ هێرشیان کردووەتە سەر مزگەوتێکی شیعەکان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 25 کەس کوژراون و 40 کەسی دیکە برینداربوون.
عەبدوڵڵا حەسرەت گوتەبێژی هەرێمی پاکتیای نزیک سنووری پاکستان بۆ ئاژانسەکانی دەنگوباسی ڕاگەیاند ئەمڕۆ لە کاتی نوێژی هەینی دوو خۆکوژ کە جلوبەرگی بورقەعی ژنانیان پـۆشی بوو، خۆیان کردووە بە مزگەوتێکی ناوچەی خواجە حەسەنی شاری گەردیز و پاشان دەستیانکردووە بە تەقەکردن بە نێو ئەو خەڵکەی بۆ نوێژکردن ڕوویان لە مزگەوتەکە کردبوو، دواتر هەردوو خۆکوژەکە خۆیان بە خەڵکەکەدا تەقاندووەتەوە.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.
گوتەبێژی تاڵیبان لە پەیامێکیدا بۆ میدیاکان لە ڕێگەی وەتساپەوە ڕەتیکردەوە گروپەکەی دەسـتی لە هێرشەکەدا هەبووبێت.
لە ئێستادا گومانەکان لەسەر داعشن، بەو پـێـیەی پـێشتر هێرشی لەو جۆرەی ئەنجامداوە.