Accessibility links

لەشکری ئەمەریکا دەڵێت زیاتر لە 50 ڕێبەری گەورەی تاڵیبان بە ڕۆکێت کوژراون


لەشکری ئەمەریکا دەڵێت شوێنی کۆبوونەوەیەکی تاڵیبانی لە هەرێمی هێلمەندی باشوری ئەفغانستان بە ڕۆکێت کردبووە ئامانج و لە ئاکامدا زیاتر لە 50 ڕێبەری گەورەی تاڵیبان کوژراون.

کۆلۆنێل مارتن ئۆدانۆڵد گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە کابول ئەمەی بۆ میدیاکانی ئاشکراکرد و گوتی لەو کۆبوونەوەیەی ڕێبەرانی تاڵیبان نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر سازیانکردبوو بە ئامانجی پـیلاندان و پاشان لە لایەن لەشکری ئەمەریکاوە بە ڕۆکێت کرانە ئامانج، بووەتە هۆی کوژرانی بە لایەنی کەم 50 ڕێبەری تاڵیبان.

گوتیشی بە ڕۆکێتی سیستەمی هایمارس HIMARS لە شوێنی کۆبوونەوەکەیان دابوو، ئەوەی بە ئامێری GPS ڕۆکێتەکان ئاڕاستەی ئامانجەکەی دەکات.

کۆلۆنێل مارتن گوتیشی جگە لەم هێرشە، هەر لەم مانگە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکانی 10 ڕۆژ درێژەیان کێشا چەندان ڕێبەری دیکەی گەورەی تاڵیبان کوژراون.

بەپـێی لەشکری ئەمەریکا، تاڵیبان لە 24 ی ئەم مانگە ئەو کۆبوونەوەیەی سازکردبوو و ڕێبەرانی گەورەی تاڵیبان لە ناوچەی دیکەوە بۆی هاتبوون، لەوانە لە هەرێمی فەرحی تەنیشت هێلمەند.

XS
SM
MD
LG