Accessibility links

لە کوشتنکاریـیەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی ئەفغانستان 9 ڕۆژنامەوان کوژراون


کاربەدەستانی ئەفغانستاندەڵێن لە ئاکامی کوشتنکاریـیەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی کابول و باشوری وڵاتەکە 37 کەس کوژراون، لەوانە 9 کەسیان ڕۆژنامەوان بوون.

لە نێویاندا2 ڕۆژنامەوانی ڕادیۆ فری یوروپ و ڕۆژنامەوانێکی ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس و دوو ڕۆژنامەوانی کەناڵی تولو نیوز و TV1 ی ئەفغانی هەن.

گەواهیدەران دەڵێن سەرەتا ماتۆر سکیلێک لە شوێنێکی قەرەباڵغی نزیک بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی لە کابول تەقیوەتەوە و پاشان ڕۆژنامەوانان گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە بۆ ڕوماڵکردنی ڕووداوەکە و خۆکوژێک وەک ڕۆژنامەوان خۆی نیشانداوە و چووەتە نێوانیان و خۆی تەقاندووەتەوە و 8 ڕۆژنامەوان کوژران.

هاوکات لە باشوری ئەفغانستانیش لە هەرێمی خۆست ڕۆژنامەوانێکی کەناڵی BBC ی بەریتانیش کوژرا.

ئەمێندا بێنێت سەرۆکی دەنگی ئەمەریکا هاوخەمی خۆی دەربڕی بۆ گیان لەدەستدانی ئەو ڕۆژنامەوانانە، بە تایبەتی بۆ دوو ڕۆژنامەوانەکەی دەستە خوشکی ڕادیۆ فری یوروپ. پاشان هاودەنگی خۆی نیشان دا لەگەڵ تۆماس کێنت سەرۆکی ڕادیۆ فری یوروپ لە سەرزەنشتکردنی ئەم کارە نامەردانەیە کە لە دژی کەسانێکی نا جەنگی کراوە.

هەروەها خانم ئەمێندا بێنێت ماتەمینی قوڵی خۆی دەربڕی بۆ کەسوکاری هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لەو هێرشانە گیانیان لەدەست دا. گوتیشی لەم کاتەی لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری ئازاد نزیک دەبینەوە کە 3 ی مانگی پـێنجە، تراژیدیاکەی ئەمڕۆ ئەو مەترسیانەمان دەهنێتەوە بیر کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەوانان دەبێت لەو دەمەی هەوڵ دەدەن هەواڵەکان بە شێوەیەکی ورد و ڕاست بۆ جیهان بگوێزنەوە.

XS
SM
MD
LG