Accessibility links

ژمارەی کوژراوانی ئاکامی هێرشەکەی سەر ئەکادیمیای لەشکری لە ئەفغانستان گەیشتە 11 سەرباز


تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی هێرشیان کردۆتە سەر سەربازە پاسەوانەکانی ئەکادیمیای لەشکری لە پایتەختی ئەفغانستان و بەلانی کەم 11 سەرباز لەو هێرشەدا کوژراون.

ئەم هێرشەی ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر چواری سەر لە بەیانی بە کاتی ئەفغانستان کراوە و گەواهدەرانیش دەڵێن شەڕە تەقە هەتا چەند کاتژمێرێکیش پاش خۆرهەڵاتن درێژەی هەبووە.

سەرەتا هێرشبەرێکی خۆکوژ لە ناو ئەو یەکە لەشکرییەدا خۆی تەقاندۆتەوە کە بەرپرس بووە لە پاراستنی ئاسایشی ئەکادیمیا لەشکرییەکە، پاش ئەو هێرشە خۆکوژیە شەڕە تەقە دەستیپێکردووە وەک دەوڵەت وەزیری، دەمڕاستی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان باسی کردووە.

وەزیری دەشڵێت بەلانی کەم 5 تێرۆریست بەشداربوون لەو هێرشەدا و دووانیان کوژراون و دووانیشیان خۆیان تەقاندۆتەوە و یەکێکیشیان دەستگیر کراوە.

هاوکات و پاش هێرشەکەش هێزەکانی پۆلیس تەواوی ئەو ڕێگەیانەیان داخست کە دەچوونەوە سەر ئەکادیمیا لەشکرییەکە و تەنها ڕێگە دراوە بە ئامبۆلانسەکان هاتوچۆ بکەن بۆ گەیاندنی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە.

چەند کاتژمێرێک پاش هێرشەکە ڕێکخراوێکی سەر بە داعش کە بە ناوی "هەرێمی خۆراسان" ناسراوە بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاندووە و لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویە جەنگاوەرەکانی ئەکادیمیای لەشکرییان کردۆتە ئامانجی هێرشەکەیان.

XS
SM
MD
LG