Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەفغانستان و سەرۆکی ئەرکانی ئەو وڵاتە دەست لەکاردەکێشنەوە

  • VOA News

وەزیری بەرگری ئەفغانسـتان لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەفغانی پـێکەوە دەسـتیان لە کارەکانیان کێشایەوە، ئەمەش پاش هێرشەکەی ڕۆژی هەینی، ئەوەی ژمارەیەک چەکدارای تالیبان توانیان بچنە نێو بنکەیەکی لەشکری لە باکوری وڵاتەکە و زیاتر لە 140 سەرباز بکوژن.

ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئەفغانستان ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر تویتەری فەرمی خۆی ڕایگەیاند سەرۆک ئەشرەف عەبدول غەنی دەست لەکارکێشانەوەی هەریەک لە عەبدولڵا حەبیبی وەزیری بەگری و قەدەم شا شاهیم سەرۆکی ئەرکانی لەشکری پەسەندکرد.

شا حسێن مورتەزەوی بریکاری گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئەفغانستان بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت دەست لەکارکێشانەوەی ئەم دوو کاربەدەسـتە لە ئاکامی ئەو هێرشە بوو کە ڕۆژی هەینی کرایە سەر بنکەی فەیلەقی 209 ی لەشکر لە باکوری شاری مەزار شەریف.

کاربەدەستان بە شکستێکی ئاسایشی گەورەی ناودێردەکەن کە نزیکەی 10 چەکداری تالیبان بە جلوبەرگی سەربازی بتوانن بچنە نێو بنکەیەکی لەشکری و ئەو هەموو سەربازە بکوژن. دەڵێن چەکدارەکان چوونەتە سەر سەربازەکان لەو دەمەی بەشێکیان نانیان دەخوارد و بەشێکیان لە نوێژکردن بوون.

هێرشبەرەکان هێلەکی گولـلەبەنیان لەبەربووە و بە ئارپـیجی و کلاشینکۆف هێرشەکەیان ئەنجامدابوو.

سەرۆکی ئەفغانستان ڕۆژی یەکشەممە ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند و فەرمانی کرد ئاڵای وڵاتەکەیان دابگیرێت.

هاوکاتی دەست لەکارکێشانەوەکە، خۆپـیشاندانێکی ناڕەزایی لە بەردەم کۆشکی سەرۆکایەتی لە کابول سازکرا بۆ داوای دەست لەکارکێشانەوەی گەورە کاربەدەسـتانی وەزارەتی بەرگری.

هێرشەکەی ڕۆژی هەینی لە کاتێـکدا بوو کە لەشکری ئەفغانستان خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە دژی تالیبان ئامادەدەکات.

هێشتا نزیکەی 9 هەزار سەربازی ئەمەریکایی و هەزاران سەربازانی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستاندان بۆ پشـتیوانیکردن لە هێزە ئەفغانیـیەکان.

XS
SM
MD
LG