Accessibility links

چەکدارانی تاڵیبان هێرشێـکی لە ناکاو دەکەنە سەر شاری کوندوزی باکوری ئەفغانسـتان


شەڕ و پـێکدادانی قورس لە باکوری ئەفغانسـتان هەڵگیرساوە، پاش ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە چەکدارانی تاڵیبان هێرشیان کردە سەر شاری ستراتیژی کوندوز، ئەوەی ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەیەکی کورت کۆنترۆڵیان کرد.

کاربەدەسـتانی ناوچەکە دەڵێن لە بەرەبەیاندا چەکدارانی تاڵیبان لە چوار قۆڵەوە هێرشەکەیان دەسـتپـێـکرد و توانیان بگەنە ناو شارەکە.

یەکێک لە دانیشتوانی شارەکە بە دەنگی ئەمەریکای گوت کاتێـک ئەمڕۆ بەیانی لە خەو هەستاون، چەکدارانی تاڵیبانیان لەسەر جادەکانی ناوچەی خاکانی بینیوە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارەکەوە. باس لەوەش کرد چەکدارەکان لەسەر ماڵی هاوڵاتیان خۆیان دامەزراندبوو و کەوتبوونە تەقەکردن لە هێزەکانی ئاسایشی حکومەت.

دەوڵەت وەزیری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانسـتان بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی بە پاڵپشـتی هێزی ئاسمانی هەڵمەتێـکیان دەسـتپـێـکردووە بۆ وەدەرنانی چەکدارەکان و هێشتا شەڕ و پـێکدادان لە قەراغ شارەکە بەردەوامە.

جەختی لەوەش کردەوە بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە و زیانێـکی زۆریان بە تاڵیبان گەیاندووە و هیچ مەترسیـیەک بۆ سەر شارەکە نەماوە.

جەنەڕاڵ چارلس کلیڤلاند گوتەبێژی لەشکری ئەمەریکا لە ئەفغانسـتان لەم بارەیەوە گوتی لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشی کوندوز دەکەن و هیچ شتێـک نیـیە ئاماژە بۆ ئەوە بکات شارەکە کەوتبێتە بەر هێرشێـکی گەورەوە.

XS
SM
MD
LG