Accessibility links

پارتی گولبەدین حیکمەتیار ڕێکەوتنێـکی ئاشتی لەگەڵ حکومەتی ئەفغانی مۆردەکات


حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانی ئەفغانستان پـرۆژە ڕێکەوتنێـکی ئاشتی لەگەڵ دووەم گروپی یاخیبووی وڵاتەکەی مۆرکرد، ئەمەش پاش چەندان مانگ لە دانوسـتاندنی سەخت و ئاڵۆز.

پارتی ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی گولبەدین حیکمەتیار کە هێزی چەکداری خۆی هەیە و تاوانبارە پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، ئەمڕۆ پـێنجشەممە نوێنەرانی ڕێکەوتنەکەیان واژوکرد کە تیایدا بڕیاریان داوە واز لە توندوتیژی بهێنن و دان بە دەسـتوری وڵاتەکەدا بنێن، لە بەرامبەردا زیندانکراو و دەسـتگیرکراوەکانیان ئازادبکرێن و سکاڵا یاسایـیەکان لە دژیان هەڵبوەشێنرێنەوە و مافی ئەوەیان هەبێت بچنە نێو پـرۆسە سیاسیـیەکەی وڵاتەکەوە.

ئەمە یەکەم ڕێکەوتنی ئاشتیـیە لە ئەفغانستان مۆربکرێت لە پاش زیاتر لە 15 ساڵ، واتە پاش ئەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2001 تاڵیبانی لەسەر دەسەڵات لادا.

پارتی ئیسلامی گولبەدین حیکمەتیار مێژوویـیەکی درێژی لە شەڕی چەکداری هەیە. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە دژی سۆڤێتی ئەو سەردەمە لە وڵاتەکەیان شەڕی دەکرد. ساڵانی نەوەدەکانیش کەوتنە شەڕی ناوخۆوە و بە تایبەتی لە دژی تاڵیبان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەفغانسـتان. پاشان دوای لادانی تاڵیبان لە دەسەڵات کەوتنە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە.

حکومەتی ئەفغانی هەوڵیش دەدات بە ڕێکەوتنێـکی ئاشتیش لەگەڵ تاڵیباندا بگات، بەڵام هەتا ئێستا ئەو هەوڵانە شکستیان هێناوە.

XS
SM
MD
LG