Accessibility links

ژمارەیەک چەکدار هێرش دەکەنە سەر زانکۆی ئەمەریکی لە کابول


کاربەدەسـتانی ئەفغانسـتان دەڵێن زانکۆی ئەمەریکی لە کابول کەوتووەتە بەر هێرشی چەکدارانی نەناسراو و دەیان خوێندکار و مامۆسـتا لە ناویدا دەستبەسەرکراون.

دەڵێن هێرشەکە لە کاژمێر 6:30 ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بە کاتی خۆجێی دەسـتیپـێکردووە و هێشتا نازانرێت ژمارەی هێرشبەرەکان چەندە.

سدیق سدیقی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانسـتان بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هێزی تایبەتی ئەفغانی گەمارۆی کۆمەڵە بینای زانکۆکەیان داوە و هەوڵ دەدەن خوێندکار و مامۆسـتاکان ڕزگاربکەن.

یەکێـک لە خوێندکارەکان بە تەلەفون بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە لە نێو یەکێـک لە پـۆلەکان لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاری دیکە خۆیان حەشارداوە.

مەسعود حسێنی کە وێنەگری ئەسۆشیەتد پـرێسە و لەو زانکۆیە دەخوێنێت بە ئاژانسەکەی خۆی گوتووە کورسی و مێزیان خستووەتە بەردەمی دەرگاکەی پـێشەوە هەتا بۆیان نەچن و پاشان لە ڕێگەی دەرگای باری نائاسایی زانکۆکە هەڵاتوون.

خوێندکارێـکی دیکە بە ڕادیۆی ئەفغانسـتانی ئازادی گوتووە لە پـۆلدا بووە گوێی لە تەقینەوەیەکی بەهێزبووە و بەهۆیەوە شووشەی پەنجەرەکان شکاون. گوتیشی خۆی و دوو خوێندکاری دیکە لە پەنجەریەکی نهۆمی دووەمی بیناکە خۆیان هەڵداوەتە خوارێ. مەزندە دەکات نزیکەی 300 خوێندکار هێشتا لە ناو بیناکانی زانکۆکەدا مابن.

ڕاپـۆرتیش هەن باس لە کوژرانی بە لایەنی کەم کەسێـک دەکەن، بەڵام هێشـتا پشـتڕاست نەکراوەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان دەڵێت بە لایەنی کەم 14 کەس برینداربوون کە یەکێـکیان ژنە.

XS
SM
MD
LG