Accessibility links

لە هێرشێـکی چەکداری لە کابولی ئەفغانسـتان 28 کەس گیانیان لەدەست دەدەن و زیاتر لە 300 برینداردەبن


کۆمەڵێـک چەکدار لە ئەفغانسـتان هێرشیان کردووەتە سەر دەزگایەکی ئاسایشی سەرەکی لە کابولی پایتەخت و لە ئاکامدا بە لای کەم 28 کەس کوژران و زیاتر لە 320 کەسی دیکە برینداربوون.

جەنەڕاڵ عەبدولڕەحمان ڕەحیمی سەرۆکی پـۆلیسی کابول ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند هێرشەکە سەرەتا بە تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو دەسـتیپـێکرد لە نزیک دەروازەی کۆمەڵە بینای دەزگای ئاسایشی نیشـتیمانی، پاشان ژمارەیەک چەکدار خۆیان بە شوێنەکەدا کردبوو و شەڕە تەقە لە نێوانیان و هێزەکانی ئاسایش دەسـتیپـێکرد.

ئیسماعیل کاواسی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروسـتی ئەفغانسـتان گوتی 327 بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکان و لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن.

عوبەیدوڵڵا تاراخایل کە فەرماندەیەکی پـۆلیسە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە ئەمە یەکێـک بووە لە تەقینەوە هەرە بەهێزەکانی کە لە ژیانیدا گوێی لێی بووە. پاشان گوتویەتی بۆ ماوەی 20 خولەک گوێی لە هیچ نەبووە و هیچی نەبینیوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە ئەو دوکەڵ و خۆڵە چڕەی لە ئاکامی تەقینەوەکە دروسـتبووبوو ناوچەکەی تاریک کردبوو.

ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانسـتان بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە دەرکرد و تیایدا بە توندی هێرشەکەی شەرمەزارکرد و گوتی ئەمە نیشانەی ئەوەیە دوژمن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانی شکستی هێناوە.

جگە لە زیانە گیانیـیەکان، زیانێـکی زۆریش بەر دەیان بینای خەڵکی سیڤیل و حکومی و دوکان کەوتوون.

زەبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی تاڵیبان بەرپـرسیارێتی گروپەکەیانی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG