Accessibility links

بلینکن سەردانی قەتەر و ئەڵمانیا دەکات بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی ئەفغانستان


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن

ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەفتەی داهاتوو سەردانی قەتەر و ئەڵمانیا دەکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانە گرنگەکانی ئەمەریکا لەسەر بارودۆخی ئەفغانستان.

بلینکن ڕۆژی هەینی لە وەزارەتی دەرەوە بە پەیامنێرانی گوت ڕۆژی یەکشەممە گەشتەکەی دەکات و پڕبەدڵ سوپاسی قەتەری کرد، کە ناوەندێکی سەرەکی بوو بۆ ئەو فڕۆکانەی ئەمەریکا کە لە کابوڵ دەرچوون و یەکەم خاڵی نیشتنەوەی هەزاران پەنابەری ئەفغانیش بوو.

ئەو دیپلۆماتە باڵایەی ئەمەریکا گوتی دواتر بەرەو بنکەی ئاسمانی ڕامشتاین کە بنکەیەکی هێزی ئاسمانی ئەمەریکایە لە باشووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا بەڕێدەکەوێت بۆ ئەوەی سوپاسی سەربازانی ئەمەریکا بکات و لەگەڵ چاوی بە پەنابەرە ئەفغانییەکان بکەوێت.

بلینکن گوتیشی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس، سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی ئۆنلاینی ئاستی وەزیرانی 20 وڵاتانی جیهان لەسەر ئەفغانستان دەکات. ئەو گوتی ئەو 20 وڵاتە " هەموویان بەشدارن لە هاوکاریکردن و گواستنەوە و نیشتەجێکردنی ئەفغانییەکان و لە بەرپرسیارکردنی تاڵیبان لە پابەندبوونی بە بەڵێنەکانییەوە."

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا

تاڵیبان بەڵێنی داوە ڕێڕەوێکی پارێزراو مسۆگەر بکات بۆ ئەو ئەفغانیانە و هاووڵاتیانی وڵاتانی تری کە دەیانەوێت ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، بەڵام ئەفغانییەکان گومانیان لەوەیە تاڵیبان بەڵێنەکەی بەجێبگەیەنێت.

لە وتەکانیدا ڕۆژی هەینی، بلینکن جارێکی تر بەرگری لە دەرچوونی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کرد و گوتی کە ژمارەیەکی زۆر کەم لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا لەو وڵاتە ماونەتەوە و وەزارەتی دەرەوەیش بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەمویاندا.

ئەو گوتیشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەر لەوەی دوا سەربازی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ئەفغانستان دەربچێت 19 جار پەیوەندی کردووە بە هاووڵاتیانی ئەمەریکاوە لەو وڵاتە کە زۆربەیان هاووڵاتی دوو وڵاتن و لەمێژە دانیشتوی ئەفغانستانن کە دوودڵبوون لەوەی دەربچن یان بمێننەوە.

بلینکن گوتیشی ئەمەریکا پابەندە بە پارمەتیدانی هەر ئەمەریکاییەکی کە بخوازێت لەوێ دەربجچێت و هاوکاری دەکات بۆ بەدەستهێنانی ڤیزای تایبەتی کۆچبەری بۆ ئەو ئەفغانیانەی هاوکاری ئەمەریکایان کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی بایدن ڕەخنەیەکی زۆری لەلایەن یاسادانەرە کۆمارییەکان، گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ و کەسانی ترەوە لێگیراوە بەهۆی شێوازی گواستنەوەی خەڵکی لە کابوڵ پاش ئەوەی تاڵیبان لە 15 ی مانگی هەشتدەستی بەسەر پایتەختی ئەفغانستاندا گرت. دواین فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکا و سەربازانی ئەمەریکا پێش نیوەشەوی دووشەممە لەو وڵاتە دەرچوون و نزیکەی 200 ئەمەریکی و ژمارەیەکی نادیاری ئەو ئەفغانیانەی کە یارمەتی ئەمەریکایان دابوو بەجێ هێشت.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستنیش لە ڕۆژی یەکشەممەوە سەردانی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکالە کەنداوی فارس دەستپێدەکات بۆ ئەوەی سوپاسیان بکات لە یارمەتیدانی گواستنەوەی خەڵکی لە ئەفغانستان. گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری جۆن کیربی ڕۆژی هەینی بە پەیامنێرانی گوت ئەو سەردانی قەتەر، بەحرەین، کویەت و عەرەبستانی سعودیە دەکات.

ئەو گەشتە یەکەم گەشتی دەبێت بۆ هەرێمەکە لەوەتای سەرۆک بایدن لە مانگی چوار کشانەوەی ئەمەریکای لە ئەفغانستان ڕاگەیاند.

هاوکات وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە هەوڵەکان بۆ دووبارە کردنەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ بەردەوامن، بەڵام ئاگاهیدا کە دیار نییە گەشتەکان کەی دەستپێدەکەنەوە.

وەزیری دەرەوەی قەتەر شێخ محەمەد بن عەبدوڵڕەحمان ئەلسانی گوتی " ئێمە هیوادارین بتوانین بە زووترین کات ئۆپەراسیۆەنکانی (فڕۆکەخانە) دەستپێبکەینەوە."

وەزیری دەرەوەی قەتەر، شێخ محەمەد بن عەبدوڵڕەحمان ئەلسانی
وەزیری دەرەوەی قەتەر، شێخ محەمەد بن عەبدوڵڕەحمان ئەلسانی

شێخ محەمەد جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە تاڵیبان " بەڵێنەکانی بەجێبگەیەنێت بۆ دابینکردنی دەرچەیەکی پارێزراو و ئازادی بزوتنەوەی بۆ خەڵکی ئەفغانستان."

قەتەر پەیوەندی نزیکی لەگەڵ تاڵیباندا هەیە و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ گواستنەوەی دەیان هەزار کەس لە ئەفغانستان.

وەزیری دەرەوە گوتی قەتەر بەردەوام بووە لە وتووێژ لەگەڵ زلهێزانی جیهان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە بازرگانییەکان لە فڕۆکەخانەکەوە. هێشتا دیار نییە کە ئایا هیچ هێڵێکی ئاسمانی بازرگانی ئامادەبێت کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە فڕۆکەخانەی کابوڵ بکات کاتێک فڕۆکەخانەکە دووبارە دەکرێتەوە.

بلینکن بە پەیامنێرانی گوت گرنگە گەشتی مەدەنی لە فڕۆکەخانەکە دەستپێبکاتەوە و گوتیشی ئەمەریکا زانیاری لەگەڵ هاوپەیماناندا بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ بەش کردووە.

گەشتی ئاسمانی ئاریانای ئەفغانی بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕاگەیاندووە کە گەشتە ناوخۆییەکانی لە ڕۆژی هەینییەوە دەستپێدەکەنەوە.

ڕۆژی چوارشەممە تیمێکی تەکنیکی قەتەر و تورکیا چوون بۆ کابوڵ بۆ هاوکاری کردنی کردنەوەی فڕۆکەخانەکە لە کاتێکدا کردنەوەی زۆر گرنگە بۆ ئەوانەی هەوڵ دەدەن لە وڵاتەکە دەربچن یان بۆ گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی بۆ وڵاتەکە. فڕۆکەی ئەو تیمە تەکنیکییە یەکەم فڕۆکەبوو لەو فڕۆکەخانەیە بنیشێتەوە لەوەتای ڕۆژی سێشەممە داخرابوو.

هەروەها ڕۆژی هەینی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس کۆبونەوەیەکی مرۆیی ئاستی وەزیران لە 12 ی مانگی 9 لە ژنێڤ ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی پێداویستییەکانی ئەفغانستان.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، کە کۆنفرانسەکە داکۆکی لە بەردەوامی کۆمەکی داراییدەکات بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی بەردەوام بن، وە داوای دەستگەیشتنی مرۆیی تەواو دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەفغانیەکان بەردەوامن لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییە گرنگەکان.

نزیکەی نیوەی 38 ملیۆنی دانیشتوانی ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە. یەک لەسەر سێی ئەفغانییەکان دڵنیانین لەوەی ژەمی داهاتووی خۆراکیان لەکوێوە پێدەگات. نزیکەی نیوەی منداڵانی تەمەن پێنج ساڵ کەمتر چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا دووچاری بەدخۆراکی بن.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد، ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی و ڕۆیتەرز وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG