Accessibility links

تاڵیبان بەمزووانە حکومەتی نوێی ئەفغانستان ڕادەگەیەنێت


بەپێی سەرچاوەکانی تاڵیبان؛ مەلا بەرادەر هاودامەزرێنەری تاڵیبان بەمزووانە حکومەتی نوێی ئەفغانستان ڕادەگەیەنێت، هاوکات چەکدارەکانیان شەڕی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود دەکەن لە دۆڵی پەنجشیر لە باکوری کابول.

سێ سەرچاوە ئەمڕۆ هەینی ڕایانگەیاند "بەرادەر" کە سەرۆکایەتی مەکتەبی سیاسی تاڵیبان دەکات و مەلا محەمەد یەعقوب، کوڕی مەلا عومەر، هاوسەرۆکی پـێشووی تاڵیبان و شیر محەمەد عەباس ستانیکزای پۆستە باڵاکانی حکومەت دەگرنەدەست.

بەرپرسێکی تاڵیبان بەو مەرجەی ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە"هەموو فەرماندە باڵاکان گەیشتوونەتە کابول و ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی حکومەتی نوێ دەکرێت."

سەرچاوەیەکی تری تاڵیبان ڕایگەیاند کە هەیبەتوڵا ئاخونزادە سەرکردەی باڵای ئاینی تاڵیبان دەبێتە ڕێنماییدەری حکومەت بۆ کاروباری ئاینی و حوکمکردنی وڵاتەکە لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلامی.

ئەمەریکا و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندووە بڕیاردانیان لەسەر تاڵیبان دەوەستێتە سەر ڕەفتار و کردەوەکانی نەک لێدوانەکانی. داوا دەکەن تاڵیبان ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و دەستبەرداری توندوتیژی ببێت و لە پـێناو خزمەتکردنی خەڵکی ئەفغانستان کاربکات.

XS
SM
MD
LG