Accessibility links

کچێکی نەوجەوانی ئەفغانی و برایەکی بچوکی بە قارەمان ناودێردەکرێن


کچێکی نەوجەوان و برایەکی بچوکی لە ئەفغانستان بە بوێر و قارەمان ناودێرکران پاش ئەوەی ئەو چەکدارانەی تاڵیبانیان کوشت و بریندارکرد کە دایک و باوکیان لەبەرچاویان کوشتن.

قەمەر گولی تەمەن 16 ساڵ و حەبیبوڵڵای برای تەمەن 12 ساڵ ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناوچەی تایوارای هەرێمی غورەوە بۆ کابولی پایتەخت بران هەتا ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان چاوی پـێـیان بکەوێت.

عارف عابر گوتەبێژی فەرمانڕەوای هەرێمی غور گوتی ئەم دووانە قارەمانی ئەو سەردەمەن لە شەڕی دژی تاڵیباندا.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان دەیان چەکداری تاڵیبان چووبوونە سەر گوندی گریوە لە ناوچەی تایوارا بە مەبەستی وەرگرتنی سەرانە لە خەڵکی. سێ لە چەکدارەکان خۆیان کردبوو بە ماڵی قەمەر کە باوکی گەورەی گوندەکەیە.

حەبیبولڕەحمان مەلەکزادە کە سەرۆکی پـۆلیسی ناوچەکەیە گوتی کاتێک دایکی قەمەر بە گژ چەکدارەکانی تاڵیباندا چووەتەوە، چەکدارەکان خۆی و هاوسەرەکیان بردووەتە دەرەوەی ماڵەکە و گولـلەبارانیان کردوون، قەمەر و براکەی کە دەبینن بەو شێوە دڕندانەیە باوک و دایکیان دەکوژن، دەچن کلاشینکۆڤەکەی باوکیان دەهێنن و قەمەر تەقە لە چەکدارەکان دەکات و لە ئەنجامدا 2 چەکداریان دەکوژن و ئەوی دیکەیان برینداردەکەن. پاشان لە دەنگی تەقەکان و هاواری هەردووکیان خەڵکی گوندەکە بە هانایانەوە دەچن و چەکدارەکانی تاڵیبان هەڵدێن.

دەسەڵاتداران هەردووکیان بەرەو دەرەوەی ناچەکە دەبەن هەتا تاڵیبان تۆڵەیان لێنەکاتەوە.

سەرچاوە / فڕانس پـرێس و ئەسۆشیەتد پـرێس

XS
SM
MD
LG