کاربەدەستانی ئەفغانستان دەڵێن بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی هەڵە 17 پـۆلیس کوژراون لەو کاتەی لە شەڕدابوون لە دژی چەکدارانی تاڵیبان لە دەرەوەی شاری لەشکرگای ناوەندی پارێزگای هێلمەند لە باشوری وڵاتەکە.
عەتاڵڵا ئەفغان، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هێلمەند ئەمڕۆ هەینی بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ڕووداوەکە دوێنێ پـێنجشەممە بووە و فەرماندەیەکی پـۆلیس لە نێو کوژراوەکاندایە و 14 پـۆلیسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێت هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لەسەر داوای کاربەدەستانی ئەفغانی هێرشە ئاسمانیـیەکەی ئەنجامداوە.
محەمەد یاسین، فەرمانڕەوای هێلمەند گوتی لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە بارەی ڕووداوەکە دەکرێت.
قاری یوسف ئەحمەدی، گوتەبێژێکی تاڵیبان لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی بە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا 35 ئەندامی هێزە ئاسایشیـیەکان کوژراون.