کاربەدەستانی ئەفغانستان دەڵێن تیمێکی حکومەتەکەیان لە ئەبو زەبی ئیماراتە بە مەبەستی دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانی بزوتنەوەی تاڵیبان، ئەمەش بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێو وڵاتەکەیان.
ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئەفغانستان لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" تیمی دانوستاندنکار بە سەرۆکایەتی عەبدولسەلام ڕەحیمی گەیشتووەتە ئەبو زەبی تاوەکو لە نزیکەوە دیالۆگ ئەنجام بدات لەگەڵ شاندی تاڵیبان وە ئامادەکاریبکرێت بۆ کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو لە نێوان هەردوولادا."
پاشان نووسیویەتی سەرۆکی شاندەکە لەگەڵ زەڵمای خەلیلزاد بەرپرسی تایبەتی ئەمەریکا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ئەفغانستان کۆبووەتەوە و هەروەها لەم هەفتەیە لەگەڵ تیمی ئیمارات و عەرەبستانی سعودیـیەش کۆدەبێتەوە.
پـێشتر لە کۆتایی مانگی یازدە، ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان ڕایگەیاند تیمێکی دانوستاندنکاری پـێکهێناوە کە پـێکهاتووە لە 12 کەس.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە باسی لەم وتووێژانەی ئەبو زەبی کرد و گوتی لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی ئەمەریکایە بۆ دیالۆگی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ئەفغانستان بە ئامانجی ڕاگرتنی شەڕ لە ئەفغانستاندا.
لە لایەکی دیکە عومران خان سەرۆک وەزیری پاکستان لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"پاکستان یارمەتی داوە لە دیالۆگی نێوان تاڵیبان و ئەمەریکا لە ئەبو زەبی. با نزا بکەین بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە مایەی بەدیهێنانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە نزیکەی 30 ساڵ لە مەینەتی خەڵکی ئەفغانستانی قارەمان. پاکستان هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ بەرەوپـێشبردنی پـرۆسەی ئاشتی.
جێی ئاماژەیە پاکستان و ئیمارات و عەرەبستانی سعودیـیە تەنیا سێ وڵات بوون دانیان نا بە حوکمڕانی تاڵیبان کاتێک لە ساڵی 1996 هاتە سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان.