Accessibility links

چەکدارانی تاڵیبان هێرش دەکەنە سەر بنکەیەکی لەشکری ئەفغانستان و لە ئاکامدا 26 سەرباز دەکوژرێن


وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان دەڵێت لە هێرشێـکی چەکدارانی تاڵیبان بۆ سەر بنکەیەکی لەشکری لە باشوری هەرێمی قەندەهار لە باشوری وڵات 26 سەرباز گیانیان لەدەستداوە و 13 سەربازی دیکە برینداربوون.

جەنەڕاڵ دەوڵەت وەزیری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی هێرشەکە شەوی ڕابردوو کراوەتە سەر بنکەکە کە دەکەوێتە ناوچەی کارزالی دورەدەست، ئەوەی لە هەرێمی هێلمەندەوە نزیکە. گوتیشی لە شەوەوە هەتا بەرەبەیان شەڕ بەردەوام بووە و سەربازەکان ئازایانە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و زیاتر لە 80 چەکداریان کوشتووە.

هاوکات ئەفسەرێـکی باڵا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت هێشتا نزیکەی 12 سەرباز بێ سەروشوێنن و چەکدارەکان ژمارەیەک چەک و ئۆتۆمبیلیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

لە لایەکی دیکەوە دانیشتوانی ناوچەکە بە ئاژانسەکەیان گوتووە "سەدان چەکداری تاڵیبان بە کاروانێـکی 30 ئۆتۆمبیلی هاتوون و لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکە و بە چەند کاژمێرێـک شەڕ بەردەوام بووە.

تاڵیبان لەسەر ئنتەرنێت بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG