Accessibility links

سەرۆکی ئەفغانستان لە پەیامێکی تۆمارکراودا پلانی بوژاندنەوەی هێزەکانی وڵات ڕادەگەیەنێت


ڕۆژی شەممە سەرۆک ئەشڕەف غەنی لە پەیامێکی تۆمارکراودا بە ئەفغانییەکانی ڕاگەیاند بە نیازە "شەڕی سەپێندراو" بکات و ئەوەش مسۆگەر بکات کە هێزە ئاسایشییەکان ئامادە بکەن لە کاتێکدا کە پێدەچێت تالیبان ڕۆژ بە ڕۆژ لە کابوڵی پایتەخت نزیکتر دەبنەوە.

سەرۆکی ئەفغانستان لە پەیامە دوو خولەک و نیویەکەیدا، کە لە سەر ماڵپەڕو تۆڕە کۆمەڵایەتییە فەرمییەکانی حکومەتدا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت " لەدۆخی ئێستادا، ئەرکی سەرەکی ئێمە بوژانەوەی هێزەکانی ئاسایشی و هێزی بەرگری ئەفغانستانە.

ئەو پەیامە ئەو دۆنگۆیانەی کە لە کابوڵ بە شێوەیەکی فراوان بڵاوببونەوە پوچەڵ کردەوە کە گوایە غەنی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت و ڕێگە دەدات تالیبان بچنە نێو کابولەوە لە پێناو ئەوەی گروپەکە ئاگربەست ڕابگەیەنن.

لەگەڵ ئەوەشدا، غەنی وتی کە بەردەوامە لە ڕاوێژکردن لەگەڵ لایەنە گرنگەکانی ناو ئەفغانستان و نێودەوڵەتیدا و بەم نزیکانە ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرادەکات.

پەیامەکەی غەنی لە کاتێکدایە کە تالیبان دەستیان بەسەر نێوەندی 19 پارێزگا لە کۆی 34 پارێزگاکەی ئەفغانستاندا گرتووە و لە ئێستادا هێرشەکانیان بۆ سەر مەیدانێ شار، کە بە دەروازە بۆ ناو کابول دادەنرێت کردووە.پایتەختی ئەو پارێزگایە، مەیدانێ وارداک، تەنها 40 کیلۆمەتر لە پایتەختی ئەفغانستانەوە دوورە.

پێشڕەوییەکانی تالیبان لە سەرتاسەری وڵات، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نیگەران کردووە کە پێدەچێت ئەندامانیان پلانی گونجاو بۆ باڵیۆزخانەکانی خۆیان لە کابوڵ دابڕێژن.

ئەمەریکا و بەریتانیاش داوایان لە هاووڵاتیانیان کردووە بە ڕێگای گەشتە بازرگانییەکان دەستبەجێ ئەفغانستان بەجێبهێڵن، و دەڵێن ڕەنگە بارودۆخەکە ئەگەر خراپتربێت نەتوانن دەستبەجێ فریایان بکەون و هاوکاری بەپەلە دابین بکەن.

ئەمەریکا نزیکەی 3 هەزار سەرباز دەنێرێت بۆ یارمەتیدان لە دەرکردنی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی بۆ وڵاتانی تر، هەرچەندە باڵیۆزخانەکە هەر کراوە دەبێت بە ستافێکی زۆر کەمەوە.

XS
SM
MD
LG