Accessibility links

وەزیری بەرگری تاڵیبان فەرمانی هەڵمەتی دژ بە سوکایەتیکردن دەردەکات


وەزیری بەرگری تاڵیبان فەرمانێکی دەرکرد دژی هەندێک لەو فەرماندە و چەکدارانەی تاڵیبان کە دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان خراپەکارییان ئەنجامیان داوە، وتی سوکایەتیکردن لێخۆشبوونی نیە.

مەلا مەحمود یەعقوب لە تۆمارێکی دەنگیدا وتی " هەندێک سەربازی خراپەکاری پێشوو " کە ڕێگەیان پێدراوە بێنە ناو یەکەکانی تاڵیبانەوە، هەندێک کات کۆمەڵێک کاری توندوتیژی و سوکایەتیان ئەنجامداوە.

وتی " فەرمانتان پێدەکەین لە یەکەکانتان دەریانبکەن، ئەگەر نا ئەوا ڕێوشوێنی توند دژتان دەگرینەبەر. خەڵکی لەوشێوەیەمان ناوێت لە یەکەکانماندا."

ئەم پەیامەی وەزیری بەرگری تاڵیبان تیشک دەخاتە سەر ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی تاڵیبان بوونەتەوە لە فەرمانڕەوایی وڵاتەکەدا، هەندێک کات کێشەکە لە کۆنتڕۆڵکردنی هێزە چەکدارییەکانیایەتی لەکاتێکدا لە هێزێکی یاخیبووەوە دەگۆڕێن بۆ هێزێکی ڕێکخراو.

هەندێک لە دانیشتوانی کابوڵ دەڵێن لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە سوکایەتییان پێکراوە، کاتێک دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی کابوڵ لەسەر شەقامەکانی شارەکە دەرکەوتن.

هەروەها هەواڵ هەبوون لەسەر سەرکوتکردنی ئەندامانی سوپا و حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان، هەروەها سوکایەتیکردن بە چالاکەوانە مەدەنیەکان، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی تاڵیبان لێبووردنی گشتی ڕاگەیاندووە.

یەعقوب وتی هەندێک هەواڵ هەبوون لەسەر کوشتنی بێ مۆڵەت، جەختی لەوە کردەوە ئەو جۆرە کارانە لێخۆشبوونی نیە.

وتی " وەکو ئەوەی هەمووتان ئاگادارن، لەژێر یاسای لێبوردنی گشتیدا کە لە ئەفغانستان ڕاگەیەندراوە، هیچ موجاهیدێک ڕێگەی پێنادریت تۆڵە لە هیچ کەسێک بکاتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG