Accessibility links

لەنێوەندی کشانەوەی ئەمەریکادا، ئەفغانستان بەڵێن دەدات زاڵبێت بەسەر پێشڕەوییەکانی تاڵیباندا


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان وتی " دەرکەوتنی کێشەکان " بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە هۆکاری پێشڕەوییەکانی ئەمدواییانەی تاڵیبان بووە و حکومەتی ئەفغانستان کاردەکات لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئەو پێشڕەوییانەدا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن فەرمانی بە سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا کرد تاوەکو 11 ی مانگی نۆ ئەفغانستان جێبهێڵن، بەمەش کۆتایی بە نزیکەی 20 ساڵی جەنگی ئەمەریکا هێنا دژی تاڵیبان و قاعیدە لەو وڵاتەدا، هاوپەیمانێتی ناتۆش بە هەمان شێوە لە ئێستادا هێزەکانی لەو وڵاتەدا دەکشێنێتەوە.

کشانەوەکە لە یەکی مانگی پێنجدا دەستیپێکرد و واپێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی مانگی هەشت تەواو ببێت. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی سێیەکی 400 هەرێمەکەی ئەفغانستان کەوتوونەتەوە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی تاڵیبان، هاوکات هێزەکانی سەر بە حکومەتی ئەفغانستان کە چیتر پشتیوانی ئاسمانیان لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ دابین ناکرێت، دەکشێنەوە یاخود خۆیان بەدەستەوە دەدەن.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان حەمدوڵا موهیب لە کابوڵی پایتەخت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەهۆی کشانەوەکە و زیادبوونی فشارەکانی لەسەر هێزی ئاسمانی ئەفغانستان، پەکمان کەوت، ئەمە ئەو کێشانەن کە دەرکەوتن و بەسەریاندا زاڵ دەبین."

موهیب ئەوەشی خستەڕوو نەبوونی داهات، بەدیاریکراوی ئەو داهاتەی پەیوەستە بە هێزی ئاسمانی ئەفغانستانەوە وایکردووە دوای کشانەوەی هێزە بیانیەکان بەرپرسان نەتوانن بەپێی پێویست پشتیوانی ئەو بنکانەی ئاسایش بکەن کە دوورەدەستن."

وتی " ئەو ناوچانە فشارێکی زۆرییان لەسەرە و چۆنێتی کشانەوەکە و ڕادەستکردنی شوێنەکان و کاتەکەی خەڵکەکەی نیگەران کردووە."

موهیب ئەو هەواڵانەشی ڕەت کردەوە کە گوایە هێزەکانی سەر بە حکومەت خامۆش بووبێتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی تاڵیباندا و وتی " لەوانەیە شوێنەکانی خۆیانیان جێهێشتبێت چونکە تەقەمەنیان پێنەمابوو، پێداویستیان پێنەمابوو ، بە هیچ جۆرێک هیچ کەسێک خامۆش نەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵیباندا."

وتیشی " ئەمە جەنگە و فشار هەیە، هەندێک جار شتەکان بەباشی بەڕێوەدەچن و هەندێک جاریش بە باشی بەڕێوە ناچن."

هەروەها سەبارەت بەو سەربازانەی ئەفغانستانیش کە دوای ئەوەی لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە هێرشیان کرایە سەر هەڵهاتن بۆ تاجیکستان وتی " سەربازەکان هێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکە و دەچنەوە پاڵ هێزەکانی ئاسایش."

وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان ئەو هەواڵانەیان پشتڕاست کردەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 1600 سەرباز لە هەرێمی بادەخشانەوە لە ترسی پێشڕەوییەکانی تاڵیبان هەڵهاتوون بۆ تاجیکستان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG