Accessibility links

تاڵیبان دەڵێت خاڵی سنووریی سەرەکی نێوان ئەفغانستان و پاکستانی کۆنتڕۆڵکردووە


تاڵیبان ڕایگەیاند خاڵی سنووریی ستراتیژی سپین بۆڵداکی نێوان ئەفغانستان و پاکستانیان کۆنتڕۆڵکردووە، لەکاتێکدا هێزە بیانییەکان کشانەوەکەیان لەو وڵاتەدا خێراکردووە.

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان جەختی لەوە کردەوە بەرپەرچی هێرشەکەی تاڵیبانیان داوەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاسایشی پاکستان وتی ئاڵا سپییەکەی تاڵیبان بەسەر شارۆچکەکەوە بووە.

تاوەکو ئێستا بەدڵنیاییەوە پشتڕاست نەبۆتەوە کە ئایا تاڵیبان ئەو خاڵە سنوورییەی کۆنتڕۆڵکردۆتەوە یاخود نا، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وێنەی چەکدارانی تاڵیبان بڵاوکراونەتەوە کە وادەردەکەوێت لە خاڵە سنوورییەکەدا بن.

ئەگەر پشتڕاست بێتەوە، کۆنتڕۆڵکردنی سپین بۆڵداک نوێترین خاڵی سنوورییە لەلایەن تاڵیبانەوە لەم هەفتانەی دواییدا کۆنتڕۆڵ بکرێت.

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە بەیاننامەیەکدا دڵنیاییدا بە بازرگانان و دانیشتوان و وتی " ئاسایشتان دابینکراوە."

بەڵام بەرپرسانی ئەفغانستان جەختیان لەوە کردەوە هێشتا خاڵە سنوورییەکە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندایە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان تاریق ئاریان وتی " تاڵیبانی تیرۆریست هەندێک جوڵەی هەبوو لەنزیک ناوچە سنوورییەکەوە، هێزەکانی ئاسایش بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە."

ئەو خاڵە سنوورییە یەکێکە لە گرنگترین خاڵی سنووریی ستراتیژی بەنرخ لەگەڵ پاکستاندا، ئەودیوی خاڵە سنوورییەکە ڕاستەوخۆ هەرێمی بالۆچیستانی پاکستانە کە ڕابەرانی باڵای تاڵیبان چەند دەیەیەکە لەوێ جێگیر بوون، هەروەها چەکدارانی تاڵیبان بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی ڕوودەکەنە ئەو هەرێمە و ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکانیشیان لەوێ دەژین.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG