Accessibility links

بەرپـرسان: شاندێکی ئەفغانی و تاڵیبان لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە


بەرپرسان پشتڕاستیان کردووەتەوە سیاسەتمەدارانی ئەفغانی لەم هەفتەیەدا ئامادەی کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژی دەبن لەگەڵ تاڵیبان لە مۆسکۆ، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵی ڕووسیا بۆ دەستێوەردان لە دانوستاندنەکانی ئاشتی ئەفغانستان.

بەپـێی کاربەدەستان کۆبوونەوەکە لە 28 و 29 ی ئەم مانگی پـێنجە بەڕێوەدەچێت بەبۆنەی سەدهەمین ساڵیادی پەیوەندیـیە دیپـلۆماتیـیەکانی نێوان ڕووسیا و ئەفغانستان.

یوسف سەها گوتەبێژی حامید کارزای سەرۆکی پـێشووی ئەفغانستان هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام گوتویەتی دانوستاندنەکان فەرمی نابن و لە پەراوێزی ئاهەنگەکان ئەنجام دەدرێت.

هەروەها گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاشتی ئەوەی بەرپـرسە لە ڕێکخستنی وتووێژەکانی ئاشتی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان ئەویش گوتویەتی کەریم خەلیلی سەرۆکی ئەنجومەنەکە ئامادەی کۆبوونەوەکان دەبێت.

زەبیحوڵڵا موجاهید گوتەبێژی تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا گوتی شاندێکی 14 ئەندامی بە سەرۆکایەتی مەلا عەبدولغەنی بارادەر ڕێبەری باڵای سیاسی تاڵیبان بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات و شێر محەمەد عەباس ستانیک‌زای گەورە وتووێژکاری تاڵیبان کە جێگری وەزیری دەرەوەی تاڵیبان بوو لە سەردەمی حوکمڕانی تاڵیباندا، ئەویش ئامادەی وتووێژەکان دەبێت.

ئەم کۆبوونەوانەی مۆسکۆ پاش چەند هەفتەیەک دێن لە تەواوبوونی خولی شەشەمی وتووێژەکانی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان کە لە دۆحە بەڕێوەچوون. هێشتا بەرەوپـێشچوونێکی ئەوتۆ لەو وتووێژانە بەدی نەکراوە. تاڵیبان سوورە لەسەر دەرچوونی هێزە بیانیـیەکان لە ئەفغانستان بەر لەوەی هەرچ ڕێکەوتنێکی ئاشتی بکات، بەڵام ئەمەریکا ڕەتیدەکاتەوە، دەڵێت دەبێت سەرەتا تاڵیبان بە ئاگربەست قایل بێت و بکەوێتە وتووێژ لەگەڵ حکومەتی کابول و کاربەدەستانی دیکەی ئەفغانستان.

XS
SM
MD
LG