Accessibility links

پـزیشکێکی خاچی سوور لە ئەفغانستان دەکوژرێت

  • VOA News

FILE - A medic adjusts a prosthetic leg at the International Committee of the Red Cross orthopedic hospital in Kabul, Afghanistan, Saturday, July 17, 2010.

پـزیشکێـکی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە شاری مەزار شەریفی باکوری ئەفغانستان بە دەستی نەخۆشێـکی خاوەن پـێداویستی تایبەت کوژرا.

شیر جان دوڕانی گوتەبێژی پـۆلیس گوتی ئەمڕۆ دووشەممە نەخۆشێـکی تەمەن 21 ساڵ کە بە کورسی خاوەن پـێداویستی تایبەت بۆ سەنتەری چارەسەری سروشتی لە شارەکە ڕۆیشتبوو، بە دەمانچە تەقەی لە پـزیشکێکی ژن کرد و برینداری کرد. گوتیشی هەرچەندە پـزیشکەکە بە پەلە گەیەنرایە نەخۆشخانەی لەشکری ناتۆ لە کەمپی مارمال، بەڵام بەهۆی قورسی برینەکانی گیانی لەدەستدا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد نەخۆشەکە چەکەکەی لە ناو کورسیـیەکەی شاردبووەوە، وە هێزەکانی پـۆلیس توانیویانە دەسـتگیری بکەن لەگەڵ کەسێـکی دیکە.

لە لایەکی دیکە عەبدولڕەزاق قادری جێگری پـۆلیس گوتی هەر کە پـزیشکەکە چووەتە ژورێ نەخۆشەکە تەقەی لێکردووە، وە نازانرێت بۆچی تەقەی کردووە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ گروپێـک بەرپـرسیارێتی خۆی لە کوشتنەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام پـۆلیس پـێیوایە داعش لە پشت ڕووداوەکەوە بێت.

خاچی سووری نێودەوڵەتی لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند لورینا پـێرێز تەمەن 38 ساڵ لە سەنتەرێـک لە شاری مەزار شەریف کوژراوە کە لەوێ یارمەتی ژن و منداڵ و پـیاوی خاوەن پـێداویستی تایبەت دەدرێن. باسیشی لەوەش کرد پـزیشکەکە بە توانا و میهربان بووە، بە تایبەتی لەگەڵ منداڵاندا.

XS
SM
MD
LG