وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکەی لەگەڵ تاڵیباندا کار دەکات تا بە زووترین کات فڕۆکەخانەی کابوڵ بکرێتەوە و داوای لەو گروپە ئسلامییە توندڕەوە کرد ڕێگە بدات بە ئەفغانییەکان لە وڵاتەکە دەربچن.
ئەو فڕۆکەخانەیەی کە لە پاش دواین گەشتی ئەمەریکا لە ڕۆژی سێشەممەوە داخراوەو بەشێکی زۆری زیانی پێگەیشتووە و وێران کراوە.
وەزیری دەرەوەی قەتەر شێخ محەمەد بن عەبدوڵڕەحمان ئەلسانی گوتی " ئێمە کارێکی سەخت دەکەین و هیوادارین بتوانین بە زووترین کات ئۆپەراسیۆەنکانی (فڕۆکەخانە) دەستپێبکەینەوە."
ئەو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە دۆحای پایتەختی وڵاتەکە گوتی " بەو هیوایەی لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو هەندێک هەواڵی دڵخۆشکەر ببیستین."
تیمێکی تەکنیکی قەتەری ڕۆژی چوارشەممە گەیشتنە کابوڵ بۆ تاوتوێکردنی چالاککردنەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ. فڕۆکەکەی ئەم تیمە یەکەم فڕۆکەبوو لەوەتای ئۆپەراسیۆنی گواستەنەوەکە ڕاگیراوە لەو فڕۆکەخانەیە بنیشتێتەوە.
سەرچاوەکە بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " فڕۆکەیەکی قەتەڕی بە تیمێکی تەکنیکیەوە لە کابوڵ نیشتەوە بۆ تاوتوێکردنی چالاککردنەوەی ئەرکەکانی فڕۆکەخانەکە."
وتیشی " لەکاتێکدا هیچ ڕێکەوتنێکی کۆتایی نەبووە سەبارەت بەوەی قەتەڕ لەڕووی تەکنیکیەوە یارمەتی تاڵیبان بدات، تیمە قەتەڕییەکە لەسەر داوای تاڵیبان هاتوون."
وتیشی " گفتوگۆکان لەسەر ئاسایش و ئەرکەکان هێشتا بەردەوامن."
سەرچاوەکە وتی مەبەست لەمە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانە بۆ یارمەتی مرۆییەکان و ئازادی هاتوچۆ، لەوانەش دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان.
میدیای عەرەب لە تویتەر لە زاری وتەبێژی تاڵیبانەوە بڵاویکردۆتەوە " تاڵیبان بە فەڕمی داوای لە قەتەڕ کردووە بەزووترین کات یارمەتیان بدات لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکەدا."
لە دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی کابوڵی کردەوە، ئەمەریکا و هاوپەیمانان زیاتر لە 123,000 کەسیان لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە گواستەوە بۆ دەرەوەی ئەفغانستان، بەڵام هێشتا خەڵکانێک ماون دەیانەوێت وڵاتەکە جێبهێڵن.
بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن فڕۆکەخانەی کابوڵ لە باردودۆخێکی خراپدایە و زۆربەی ژێرخانەکەی کۆنە یاخود لەناوچووە.