سه‌دان ئه‌فغانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه له کابولی پایته‌ختی وڵاته‌که خۆپیشاندانێکیان کرد دژ به‌وه‌ی وه‌ک ده‌گوترێت هێرشی موشه‌کی پاکستان بۆ سه‌ر وڵاته‌که. له‌و هێرشانه‌دا ده‌یان که‌س کوژراون.
خۆپیشانده‌ران هاواریان ده‌کرد "مه‌رگ بۆ پاکستان" له کاتێکدا که ناڕه‌زاییان ده‌رده‌بڕی به‌رامبه‌ر به کوشتنی 36 که‌س له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌داو منداڵیش له نێو کوژراوه‌کاندا هه‌بوون.
ڕۆژی دووشه‌ممه سه‌رۆکی ئه‌فغانستان حامید کارزایی له کابول له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری له‌شکری پاکستان ژه‌نه‌ڕال ئه‌شفاق کیان کۆبووه‌وه و داوای کۆتایی هێنانی به‌و هێرشانه کرد.
وته‌بێژی له‌شکری پاکستان ژه‌نه‌ڕاڵ ئه‌تار عه‌باس ڕۆژی دووشه‌ممه ڕایگه‌یاند له‌شکری پاکستان به مه‌به‌ست موشه‌کیان نه‌گرتووه‌ته نێو ئه‌فغانستان، به‌ڵام ڕه‌نگه به ڕێکه‌وت ئه‌و موشه‌کانه‌ی دژ به توندڕه‌وان هاوێژراون که‌وتبنه ناو سنوری ئه‌فغانستانه‌وه. به پێی ڕاپۆرته هه‌واڵیه‌کان ژه‌نه‌ڕال کیانی به حامید کارزایی گوتووه لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌یه ده‌کرێت.
وته‌بێژی له‌شکری پاکستانی گوتووشییه‌تی له مانگی ڕابوردووه‌وه توندڕه‌وان له ئه‌فغانستانه‌وه 5 جار هێڕشیان کردووه‌ته سه‌ر بنکه‌کانی له‌شکری پاکستان. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندووه به هۆی هێرشه‌کانی سه‌ر سنور 55 سه‌ربازی نیمچه له‌شکری کوژراون و 80 ی دیکه‌ش بریندار بوون له هه‌رێمی خێڵه‌کی باکوری ڕۆژئاوای وڵاته‌که.
شایانی باسه په‌یوه‌ندی نێوان پاکستان و ئه‌فغانستان ماوه‌یه‌کی زۆره ئاڵۆزه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ک ئه‌وی دی تاوانبار ده‌کات به هه‌وڵنه‌دان بۆ بنه‌بڕکردنی توندڕه‌وان له ناوچه سنورییه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا.