Accessibility links

ئەفغانستان: دواخستنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بۆ مانگی حەوت


کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان ڕایگەیاند هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەفغانستان دواخراوە بۆ 20 ی مانگی حەوت، واتە سێ مانگ دوای ئەو کاتەی کە وابڕیاربوو تیایدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی بەرپرسانی ئەفغانی کاتی زیاتریان هەبێت بۆ ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکان، لەکاتێکدا کە پێشبینی ئەوە دەکرا هەڵبژاردنەکان دوابخرێن.

ئەم ڕاگەیاندنەش دوای ئەوە دێت کە ڕەخنەیەکی زۆر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەفغانستان گیرا کە لە مانگی 10 دا ئەنجامدرا و کۆمەڵێک هێرشی تێدا ئەنجامدرا بەهۆی کەمتەرخەمی و ئامێرەکانی لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی دەنگدەردان و تەواونەکردنی لیستی دەنگدەران و دواکەوتنێکی زۆر لە داخستنی دەرگای بنکەکانی دەنگداندا.

هەروەها دانوستانەکانی نێوان نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیباندا بە ئامانجی دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئەفغانستان، کاریگەری هەبوو لە سەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان.

وابڕیاربوو لە 20 ی مانگی چواردا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەفغانستان بەڕێوەبچێت بەڵام سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان عەبدولبەدیع سەیاد وتی هەندێک کێشە هەبوو ناچاریان کردین هەڵبژاردنەکان دوابخەین.

سەیاد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابوڵ وتی " مانگی چوار زۆر قورس دەبێت بەهۆی زستانی سەخت و هەندێک بابەتی پەیوەست بە گواستنەوەی پێداویستیەکانی هەڵبژاردن و ئاسایش و بودجەوە."

وتیشی " بۆ ئەوەی بە باشی ئامادەکاری بکەین بۆ دەنگدانەکان، بڕیارماندا هەڵبژاردنەکان دوابخەین بۆ مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG