Accessibility links

پاکستان بەنیازە میوانداری کۆبوونەوەیەکی ئیسلامی بکات سەبارەت بە ئەفغانستان


وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەحمود قورێشی دەڵێت پاکستان پێشنیاری میوانداریکردنی کۆبوونەوەیەکی لوتکەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کردووە لە مانگی داهاتوودا، ئەمەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی قەیرانی مرۆیی ئەفغانستان.

نەتەوە یەکگرتووەکان چەند جارێک هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی ئەفغانستان لەسەر لێواری خراپترین قەیرانی مرۆییە لە جیهاندا، قورێشیش وتی " ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی دەبێت بجوڵێت بۆ یارمەتیدانی برا ئەفغانیەکانمان."

قورێشی لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەبێت هەوڵەکانمان زیادبکەین بۆ دابینکردنی پێویستیە مرۆییەکان بۆ گەلی ئەفغانی."

پێشنیارەکەی پاکستان دوای داواکەی سعودیە هات کە لە ئێستادا ڕابەرایەتی ڕێکخراوە 57 ئەندامییەکە دەکات.

ئەمەش پێدەچێت گەورەترین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی بێت لەسەر ئەفغانستان دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردەوە.

دوای ئەوەی لە مانگی هەشتدا تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە و یارمەتیە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەفغانستان ڕاگیران، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی کەمی خۆراک بوونەتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG