بەرپرسانی حکومی دەڵێن بەهۆی بومەلەرزەیەکەوە بە گوڕی 6.5 پلە لە ئەفغانستان و پاکستان لانیکەم 13 کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 90 کەسی دیکە بریندار بوون.
بەرپرسێکی حکومەتی پاکستان وتی بەهۆی بومەلەرزەکەوە لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان لانیکەم نۆ کەس گیانیان لە دەستداوە و 44 کەسی دیکە بریندار بوون، شەوی ڕابردووش نەخۆشخانەکانی هەرێمی خیڤەر پاختونخوا خراونەتە باری نائاساییەوە.
بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی لە ئەفغانستان وتی بەهۆی بومەلەرزەکەوە لە وڵاتەکەدا لانیکەم 4 کەس گیانیان لە دەستداوە و 50 کەسی دیکە بریندار بوون.
بەرپرسانی دوو وڵاتەکە وتیشیان خانوو و بیناکانیش زیانییان بەرکەوتووە.
ناوەندی بومەلەرزەزانی ئەوروپا و دەریای ناوەند ئاماژەی بەوەدا بومەلەرزەکە لە ناوچەیەکی فراوانی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتردا لەلایەن نزیکەی 258 ملیۆن کەسەوە لە وڵاتەکانی پاکستان و هیندستان و ئۆزبەکستان و تاجیکستان و کازاخستان و کریجستان و ئەفغانستان و تورکمانستان هەستی پێکراوە.
دەزگای جیۆلۆجی ئەمەریکا وتی ناوەندی بومەلەرزەکە چیاکانی هیندو کوش بووە کە ناوچەیەکی پڕ لە دانیشتوانە و دەکەوێتە هەرێمی باداخشانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە.
بەرپرسی باڵای هەرێمی خیبەر پاختونخوای پاکستان عەبدول باست وتی لەگەڵ گیان لە دەستدان و برینداربوونەکاندا، لانیکەم 19 خانوو زیانییان بەرکەوتووە.
وتەبێژی وەزارەتی کەمکردنەوەی مەترسی کارەساتەکان لە ئەفغانستان، شەفیوڵا ڕەحیمی وتی درەنگانێکی سێشەممە دوو کەس لە هەرێمی لاغمانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە گیانیان لە دەستداوە.
ساڵی ڕابردوو بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانیدا و زیاتر لە 1000 کەس گیان لە دەستدا.
لە ساڵی 2005 دا بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلە لە باکووری پاکستانیدا و لانیکەم 73,000 کەس گیانیان لە دەستدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز