Accessibility links

سەرۆکی ئەفغانستان پاکستان تۆمەتبار دەکات بە دابینکردنی شوێنی پارێزراو بۆ توندڕەوان


سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی
سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی

سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی وتی " کیلی جەنگ لە ئیسلام ئاباد و کویتا و ڕەوالبەندیە." بەمەش پاکستانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دابینکردنی شوێنی پارێزراو بۆ توندڕەوان تاوەکو چالاکییەکانیان لەوێ ئامادە بکەن و لەدەرەوەی سنووری پاکستان ئەنجامیان بدەن.

غەنی وتی لە هەمان کاتدا " کلیلی ئاشتی لە ئەفغانستانە، لەکاتێکدا کە دانوستانەکانی ئاشتی لەنێوان تاڵیبان و بەرپرسانی ئەمەریکیدا بەرەوپێشەوە دەڕۆن و ئامانج لەو دانوستانانە کۆتایی هێنانە بە جەنگی بەردەوامی 17 ساڵەی ناو ئەفغانستان."

ئەم لێدوانانەی غەنی لەمیانەی کۆنگرەیەکی نیشتیمانیدا بوو لە کابوڵ کە تیایدا باسی لە گەنج و ئاشتی دەکرد.

لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان تاڵیبان و بەرپرسانی ئەمەریکیدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی پێشڕەوییەکی باش کراوە لە دانوستانەکاندا کە ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بە جەنگی ئەفغانستان.

سەرۆک ترامپ وتی دانوستانەکان بەباشی بەڕێوەدەچن، بەڵام ئاماژەی بە هیچ ڕێکەوتنێک نەدا لەنێوان تاڵیبان و ئەمەریکادا یاخوود ڕێکەوتنێک سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد ڕۆژی دووشەممە وتی تاڵیبان و ئەمەریکا هێڵە گشتییەکانیان بۆ ڕێکەوتنی ئاشتی کێشاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG