پۆلیسی ئەفغانستان دەڵێت خۆکوژێک لە نزیک دەرگای باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە کابول بۆمبی بە خۆیدا تەقاندۆتەوە. دەشڵێت هێرشبەرەکە لەلایەن پاسەوانەکانەوە تەقەی لێکراوە لەو کاتەی لە دەرگای باڵیۆزخانەکە نزیک بووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاسایشی دەڵێت نزیکەی 25 کەس کوژراون یان برینداربوون.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند دوو کارمەندی ڕووسیایی باڵیۆزخانەکە لە هێرشەکەدا کوژراون. میدیاکانی ڕووسیا دەڵێن یەکێکیان دیپلۆماتکارە و ئەوی دیکەیان ئەندامی ئاسایشی باڵیۆزخانەکەیە.
دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، ڕووسیا هێشتا باڵیۆزخانەکەی لە کابول بە کراوەیی هێشتۆتەوە. سەرەڕای ئەوەشی کە ڕووسیا بە فەڕمی دانی نەناوە بە حکومەتەکەی تاڵیباندا لە ئەفغانستان. مۆسکۆ لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیباندا لە گفتوگۆدان سەبارەت بە دابینکردنی بەنزین و پێویستییەکانی دیکە بۆ ئەفغانستان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز