Accessibility links

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشی سەر ڕێکخراوێکی مرۆیی لە ئەفغانستان ڕادەگەیەنێت

  • VOA News

کۆمەڵێک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر ئۆفیسی ڕێکخراوی سەیڤ ذە چڵدرن Save the Children لە شاری جەلال ئابادی ناوەندی پارێزگای نەنگەهاری ئەفغانستان و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 2 کەس کوژراون و 14 کەسی دیکە برینداربوون.

کاربەدەسـتان و گەواهیدەران دەڵێن هێرشەکە کاژمێر 9 ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە کاتی خۆجێی دەستیپـێکرد و سەرەتا ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک ئۆفیسەکە تەقیوەتەوە و پاشان چەکدارێک گولـلەیەکی ئارپـیجی بە دەروازەی ئۆفیسەکەوە ناوە و بە دوایدا چەکدارەکان چوونەتە نێو ئۆفیسەکەوە.

عەتاالله خۆگیانی گوتەبێژی پارێزگاری نەنگەهار بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە هێزەکانی ئاسایش دۆخەکەیان کۆنترۆڵکردووە و کۆتایـیان بە هێرشەکە هێناوە، بەڵام بەپـێی ڕێکخراوەکە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێرشی سەر ئۆفیسەکەیان لەو شارەی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بەردەوام بووە.

ڕێکخراوەکە لە کاردانەوە بەرامبەر هێرشەکە بڕیاری هەڵپەساردنی کارەکانی لە ئەفغانستان داوە و دەڵێت دەرگای ئۆفیسەکانی لەو وڵاتە دادەخات.

تاڵیبان لای خۆیەوە ڕەتیکردەوە دەسـتی لە هێرشەکەدا هەبێت، بەڵام داعش لە ڕێگەی میدیاکەیاوە کە بە ئەلئەعماق ناسراوە بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند، دەڵێت ئامانجی هێرشەکەیان ڕێکخراوێکی بەریتانی و ڕێکخراوێکی سویدی و دەزگایەکی سەر بە وەزارەتی ژنانی ئەفغانستان بووە.

جێی ئاماژەیە "سەیڤ ذە چڵدرن" ڕێکخراوێکی ناحکومی بەریتانیـیە و داکۆکی لە مافی منداڵان دەکات و کۆمەک و یارمەتی بۆ منداڵانی وڵاتانی هەژار و بە شەڕ وێرانبوو ڕەوانەدەکات.

XS
SM
MD
LG