Accessibility links

داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشی سەر کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئەفغانی ڕادەگەیەنێت


چەند چەکدارێک بە جلوبەرگی پـۆلیسەوە هێرشیان کردووەتە سەر کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان و بەپـێی کاربەدەستان و کارمەندانی کەناڵەکە 2 لە پاسەوانەکانی کەناڵەکە کوژراون و چەند کەسێک برینداربوون.

نەجیب دانیش گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان گوتی هێرشەکە ئەمڕۆ سێشەممە کراوەتە سەر کەناڵی شەمشاد و لە ئاکامدا ژمارەیەک لە پاسەوانانی پـیاو و ژنی کەناڵەکە پـێوەبوون.

جەنەڕاڵ سەلیم حەساس بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی ڕاگەیاند دوو هێرشبەربوون، یەکێکیان لە دەروازەی بینای کەناڵەکە خۆی تەقاندووەتەوە و ئەوی دیکەیان خۆی کردووە بە ناو بیناکە و هەتا نهۆمی دووەم گەیشتووە و لەوێ هێزەکانی ئاسایش ڕووبەڕووی بوونەتەوە و کوشتویانە.

بەڵام فەیسەڵ زلاند پەیامنێری کەناڵەکە کە لە دەروازەی پشتەوەی بیناکە هەڵهاتبوو، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت 3 هێرشبەری لە کامێراکانی چاودێری بینیبوو کە خۆیان بە ناو بینای کەناڵەکە کردبوو و تەقەیان لە پاسەوانەکان کرد و پاشان کەوتبوونە هەڵدانی بۆمبی دەستی.

لە لایەکی دیکە وەحید موجرۆ گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان گوتی بەهۆی هێرشەکە 21 کەس برینداربوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.

تالیبان لە زاری زەبیحوڵڵا موجاهید ڕەتیکردەوە گروپەکەی دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت، بەڵام داعش لە ڕێگەی میدیاکەیەوە کە بە ئەعماق ناسراوە، بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

عەبید ئحناس بەڕێوەبەری کەناڵەکە کە لە نێو بریندارەکاندایە، گوتی" ئەمە هێرشێکە بۆ سەر ئازادی ڕاگەیاندن، بەڵام ناتوانن بێ دەنگمان بکەن."

XS
SM
MD
LG