دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان دەڵێن 12 تەرمی دیکەی ئەو کۆچبەرانەیان دۆزیوەتەوە کە پاسەوانانی سنووری ئێران لە هەفتەی ڕابردوو فڕیان دابوونە ناو ئاوی ڕووبارێک تاوەکو نەچنە ناو خاکی وڵاتەکەیانەوە. بەمەش ژمارەی تەرمەکانی هەتا ئێستا دۆزراونەتەوە گەیشتە 17 .
کاربەدەستانی ئەفغانی و ئەو کەسانەشی لە ڕووداوەکە ڕزگاریان بووە، دەڵێن پاسەوانانی ئێران لەسەر سنوور 50 کەسیان دەسـتگیرکردووە کە هەوڵیان دابوو بچنە ناو ئێرانەوە، پاشان فڕێـیانداونەتە ناو ڕووباری هەریڕود، ئەوەی بە خاکی تورکمانستان و ئەفغانستان و ئێران تێدەپەڕێت.
عەبدول غەنی نوری، فەرمانڕەوای ناوچەی گولران لە هیرات ئەمڕۆ گوتی" پـێنجشەممەی ڕابردوو 50 ئەفغانی فڕی دراونەتە ناو ڕووباری هەریڕود و هەتا ئێستا تەرمی 17 کەسیان دۆزراونەتەوە."
گوتیشی بەپـێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە لە ژێر هەڕەشەی چەک فڕێـیانداونەتە ناو ڕووبارەکە لە ناوچەی زولفەقاری ئێران.
ئێران ڕەتیکردەوە دەستی لە ڕووداوەکەدا هەبێت، بەڵام عەباس موسەوی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی ڕابردوو گوتی "ڕووداوەکە لە ناو خاکی ئەفغانستاندا بووە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند تاران ڕازیبووە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەسەر ڕووداوەکە بکرێت تاوەکو تاوانکاران دەسـتنیشانبکرێن.