Accessibility links

سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان دەڵێت هیچ بژاردەیەکی دیکەی جگە لە هەڵهاتن نەبووە


سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی
سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی

سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی وتی هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبووە جگە لەوەی بەپەلە لە وڵاتەکە هەڵبێت، لەکاتێکدا تاڵیبان لە کۆنتڕۆڵکردنی کابوڵدا بوو و ڕەتی کردۆتەوە بە ئاشتیانە کابوڵ بگرێتەوە، ئەمەش لەگەڵ لێدوانی بەرپرسانی پێشووی ئەفغانستاندا یەکناگرێتەوە.

سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی وتی ڕاوێژکارێکی خۆی تەنها چەند خولەکێکی داوەتێ تاوەکو بڕیار بدات کابوڵ جێبهێڵێت. هەروەها ئەو تۆمەتانەشی ڕەت کردەوە کە گوایە ملیۆنان دۆلاری ئەفغانستانی لەگەڵ خۆیدا بردووە.

هەڵهاتنە بەپەلە و لەناکاوەکەی غەنی لە 15 ی مانگی هەشتدا کابوڵی بەبێ سەرکردە هێشتەوە، لەو کاتەشدا هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆتا قۆناغی کشانەوەکەیاندا بوون لەو وڵاتەدا.

غەنی وتی " لە بەیانی ئەو ڕۆژەدا، لە مێشکمدا نەبوو کە درەنگانێکی دوانیوەڕۆ وڵاتەکە جێدەهێڵم."

بەڵام لێدوانەکانی غەنی لەگەڵ لێدوانەکانی بەرپرسانی پێشووی ئەفغانستاندا یەکناگرێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا سەرۆکی پێشووتری ئەفغانستان حامید کارزای لە چاوپێکەوتنێکدا بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت ڕۆیشتنی غەنی دەرفەتی گفتوگۆکردنی لەناوبرد، خۆشی و ڕابەری ئەنجومەنی ئاشتی عەبدوڵا عەبدوڵاش ئەو دەرفەتەیان هەبوو کە ڕێکەوتنێک لەگەڵ تاڵیباندا واژۆ بکەن، تاڵیبان پابەندبوو بەوەی کە لە دەرەوەی کابوڵ بمێنێتەوە.

کارزای وتی " دوای ئەوەی تەلەفونم بۆ وەزیری بەرگری بیسمیلا خان و وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی پۆلیس کرد، بۆم دەرکەوت سەرجەمیان وڵاتەکەیان جێهێشتووە، کارزای وتی خۆم بانگهێشتی تاڵیبانم کردووە بۆ ناو کابوڵ تاوەکو هاوڵاتیانی وڵاتەکە بپارێزن و بێسەرووبەری و تاڵانکاری لە شارەکە و وڵاتەکەدا ڕوونەدات."

بەڵام غەنی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لە ڕادیۆی بی بی سی وتی " لە وڵاتەکە هەڵهاتووە تاوەکو نەهێڵێت کابوڵ کاول بکرێت." ئاماژەی بەوەدا دوو کۆمەڵەی ڕکابەری تاڵیبان لەو کاتەدا دەهاتنە شارەکەوە و ئامادە بوون شەڕێکی قورس بکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی کابوڵ. بەڵام هیچ بەڵگەیەک نەبووە لەسەر هاتنە ناوەوەی ئەو کۆمەڵانەی کە غەنی ئاماژەی پێدان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG