Accessibility links

هێزەکانی ئەفغانستان بەهۆی فشارەکانی تاڵیبانەوە لە ناوچەیەکی ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەکشێنەوە


بەرپرسانی ناوخۆی ئەفغانستان وتیان هێزەکانی ئەفغانستان لە ناوچەیەکی ڕۆژئاوای وڵاتەکە کشاونەتەوە و بۆ چەکدارانی تاڵیبانیان چۆڵکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی ئەفغانستان شکستی هێنا لەوەی پشتیوانی و یارمەتییەکان بنێرێت بۆ هێزەکانی لەو ناوچەیەدا.

بەرپرسانی ئەفغانستان وتیان تاڵیبان چەند مانگێکە گەمارۆی ناوچەی شیبکوەی هەرێمی فوڕایان داوە کە ئەوەش وایکردووە حکومەتی ئەفغانی نەتوانێت پشتیوانی بۆ هێزە جێگیرەکانی ئەوێی بنێرێت.

جێگری فەرمانڕەوای هەرێمی فوڕا موسا نەزەری وتی سەرکردایەتی سوپای ئەفغانستان ڕووبەڕووی قورسایی ببۆوە لە گەیاندنی یارمەتی و پشتیوانییەکان بۆ هێزەکانی لە شیبکوە، بەو هۆیەوە حکومەتی ئەفغانستان بڕیاریدا لێی بکشێتەوە تاوەکو خۆی بەدووربگرێت لە کوژرانی سەربازەکانی.

نەزەری بە ڕۆیتەرزی وت " چەند مانگێکە پلانێک هەبوو بۆ کشانەوە، لە کۆتاییدا بڕیاردرا پلانەکە جێبەجێ بکرێت." وتیشی هێزەکانی ئەفغانستان هەموو پێداویستی و چەک و تەقەمەنییەکانیان گواستۆتەوە بۆ پایتەختی فوڕا.

هەرێمی فوڕا کە دانیشتوانێکی کەمی لێدەژی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕووبەڕووی شەڕێکی قورس بۆتەوە و هێزەکانی ئەفغانستان قوربانی زۆریان لە ناوچەکەدا داوە و دەیان سەربازیی هێزە تایبەتیەکانی ئەفغانستان کوژراون.

بەرپرسانی ئەفغانی ئێرانیان تۆمەتبار کردووە و ئەمەریکا دەڵێت تاران هەوڵدەدات دەسەڵاتەکانی لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان زیاد بکات بەوەی کە یارمەتی و پارە و چەک و تەقەمەنی نوێ بە چەکدارانی تاڵیبان دەبەخشێت، ئێرانیش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG