Accessibility links

لیژنەی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان بیر لە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکاتەوە


بەرپرسانی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان دووبارە بیر لە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەفغانستان دەکەنەوە بۆ دوو مانگ کە وابڕیارە لە مانگی چواردا بەڕێوەبچێت، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لەو ئاژاوەیەی کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا لە مانگی 10 دا ڕوویدا.

ئەمەش لەکاتێکی هەستیاردا دێت لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و نیازی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە، کە ئەوەش هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەو هەوڵانەی ئەمەریکا دەیدات بۆ خستنەوەی ئاشتی لە ئەفغانستاندا.

لیژنەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان و ئەو کەسانەدا دەکات کە خۆیان کاندید دەکەن و گفتوگۆ لەسەر بابەتی دواخستنەکە دەکەن.

وتەبێژی لیژنەکە زەبیحوڵا سادات بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ئامانج لەمە چاکسازی و دوورکەوتنەوەیە لە کێشە کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا ڕووبەڕوومان بۆوە."

وتیشی " هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە، بەڵام بەمزووانە ڕاگەیاندراوێک بڵاودەکەینەوە."

هێشتا لیژنەکە لە قۆناغی کۆتایی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەماندایە کە دوو مانگ لەمەوبەر بەڕێوەچوو، چاودێرانی سیاسیش ترسی ئەوەیان هەیە لیژنەکە ڕووبەڕووی کێشە ببێتەوە لە ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG