Accessibility links

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە


سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی
سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی

ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەفغانستان دەریدەخەن سەرۆکی ئێستای ئەفغانستان ئەشرەف غەنی بە جیاوازییەکی کەم زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هەڵبژارنەکانیش 28 ی مانگی نۆ بەڕێوەچوون و وڵاتەکەی خستە ڕەوشێکی نادیاری سیاسییەوە.

کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان ئاماژەی بەوەدا 1.9 ملیۆن دەنگدەر بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و لە سەدا 50.64 دەنگیانداوە بە غەنی، بەمەش ئەشرەف غەنی سەرکەوتنی بەسەر ڕکابەرەکەی عەبدوڵڵا عەبدوڵڵادا بەدەستهێنا کە لە ئێستادا حکومەتی لەگەڵ غەنیدا دابەشکردووە لە چوارچێوەی حکومەتێکی یەکگرتوودا.

غەنی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکان پێشوازی لە ئەنجامە سەرەتاییەکان کردوو و وتی وڵاتەکە لەڕێگەی ڕاستدایە و بەرەو خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی دەڕوات.

وتی " لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندنەدا لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی و لە نادیارییەوە بەرەو داهاتووییەکی ڕۆشن هەنگاو دەنێین."

سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان حەوا علم نورستانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابوڵ وتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەلبژاردنەکاندا ئەم ئەنجامە دەگۆڕێت و هەروەها دووبارە پێداچوونەوەی پیادا دەکرێت.

نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان جۆن باس لە تویتەر نوسیویەتی " زۆر گرنگە ئەفغانیەکان بزانن ئەمە ئەنجامی سەرەتاییە. هێشتا هەنگاوی زۆر ماوە پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان."

جێی ئاماژەیە لە کۆی 9.7 ملیۆن دەنگدەر کە ناویان تۆمارکراوە، تەنها 1.9 ملیۆن هاوڵاتی بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG