Accessibility links

ژمارەی قوربانییانی بومەلەرزەکانی ئەفغانستان دەگاتە 2000 کەس


ڕۆژی یەکشەممە ژمارەی حاڵەتەکانی گیان لە دەستدان بەهۆی بومەلەرزەکانی ڕۆژئاوای ئەفغانستانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و ژمارەکە گەیشتە زیاتر لە 2000 کەس و نزیکەی 10 هەزار کەسیش بریندار بوون، ئەمەش لە کاتێکدا کە تیمەکانی فریاگوزاری بە ناو گوندە خاپووربووەکاندا دەگەڕان بە دوای ڕزگاربوواندا.

بەپێی بەرپرسان، زیاتر لە 1300 خانوو بەهۆی بومەلەرزەکەی ڕۆژی شەممەوە ڕووخاون، دوای بومەلەرزەکە هەشت بوومەلەرزەی دیکە ڕوویانداوە.

لە ناوچەی دوورەدەستی زیندا جان، دەیان خانوو ڕووخاون، تیمەکانی فریاگوزاریش بە ناوچە خاپوور بووەکەدا دەگەڕان بە هیوای دۆزینەوەی بێسەروشوێن بووەکاندا.

وتەبێژی وەزارەتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان مولا جەنان سایەق وتی " خەڵکەکەمان ڕووبەڕوو بومەلەرزەیەکی بێپێشینە بوونەوە." ئاماژەی بەوەدا لە کۆی 13 گونددا ژمارەی قوربانییەکان گەیشتووەتە 2053 کەس و 9240 کەسی دیکەش بریندار بوون.

جەنان سایەق لە کابوڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانی ڕووداوەکە ئێمە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین."

وتیشی " گەڕان و فریاکەوتنەکان لەو ناوچانەدا کە بومەلەرزەکە لێیداون بەردەوامە."

بەپێی ئاماری جیۆلۆجی ئەمەریکا، بەیانی ڕۆژی یەکشەممە بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 4.2 پلە لە هەمان ناوچەی داوەتەوە.

جێی ئاماژەیە زۆربەی خانووەکانی ناوچە دوورە دەستەکانی ئەفغانستان لە قوڕ دروستکراون و پایەکانییان لە دار دروست کراوە. خەڵکانێکی زۆریش لە هەمان خێزاندا پێکەوە لە یەک ماڵدا دەژین، ئەوەش وادەکات کە ئەو جۆرە بومەلەرزانە تەواوی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان لە ناوببات.

ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی سەخت بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 دا تاڵیبان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردەوە و بیانییەکانیش لەو وڵاتە کشانەوە.

ئەفغانستان بەردەوام ڕووبەڕووی بومەلەرزە دەبێتەوە، بە تایبەتی لە چیاکانی هیندو کوش، کە دەکەوێتە نزیک یەکتربڕی یوراسیان و تەبەقی تێکتۆنیکی هیندییەوە.

لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بومەلەرزەیەکەوە بە گوڕی 5.9 لە هەرێمی پاکیتکای ئەفغانستان زیاتر لە 1000 کەس گیانییان لە دەستدا و دەیان هەزاران کەسی دیکەش ئاوارەبوون.

جەنان وتی " بومەلەرزەکەی هیرات خراپتر بوو لە بومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG